rywazbryari-2023-05-23.jpg

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆمسیۆن ئاگاداردەكاتەوە

May 23, 2023  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نوسوراوێكی فەرمیدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاگاداردەكاتەوە، كە هیچ بڕیارێكی پەرلەمانی لە پەرلەمانی كوردستان دەرنەچووە.
بەپێی نوسراوێكی فەرمی كە واژۆی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە وێنەیەكی دەست (روانگەی پەی) كەوتووە و ژمارە (4/3/1375)ی رۆژی 23/5/2023 لەسەرە و (د. ریواز فایەق) سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان واژۆی لەسەر نووسراوەكە كردوە و ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان تیایدا هاتووە، ئاگاداری بەڕێزتان دەكەینەوە كە هیچ بڕیارێكی پەرلەمانی بە ژمارە (10)ی ساڵی 2023 لە پەرلەمانی كوردستان دەرنەچووە، لەبەر ئەوەی لە دانیشتنی ژمارە (4)ی رۆژی 22/5/2023 بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان لەبەر رۆژشنایی بڕگەی (3) لە ماددەی (18)ی پەیڕەوی ناوخۆ دانیشتنی ئاماژە بۆكاروی سەرەوەی داخستووەو كۆتایی پێهێناوە.
لە نوسراوەكەدا ئەوەش هاتووە، لە بڕگەی (11) لە ماددەی (18) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان واژۆكردنی سەرجەم نووسراوەكان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان دایە و بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەكەسی تر نەداوە پیادەی بكات، بۆیە هەر نووسراوێك بەبێ‌ واژۆی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هیچ بەهایەكی یاسایی نییە.
دەركردنی ئەم نووسراوە لە كاتێكدایە، (د. رێواز فایەق) سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان زیادکردنی بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (4)ی رۆژی ٢٠٢٣/٥/٢٢ی بە  ناپەیڕەوی لەقەڵمدا و دانیشتنەکەی کۆتایی پێهێنا، بەڵام (د. هێمن هەورامی) جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەردەوامیدا بە دانیشتنەکە و بڕگە زیادکراوەکەی خستە خاڵی یەکەمی بەرنامەی کارەوە کە بریتی بوو لە کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان و دەنگدان  لەسەر هەڵبژاردنی دوو ئەندامی نوێ و بەردەوامبوونی ئەندامەکانی پێشوو و بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستان و لێدوانی د. هێمن هەورامی بە دەنگی (58) پەرلەمانتار کۆمسیۆن کارا کرایەوە و ئەندامانی هەردوو فراكسیۆن لەناو هۆڵی پەرلەمان رووبەڕووی یەكتری بوونەوە و چەندین لێداونی دژ بەیەكیاندا لەناو هۆڵی پەرلەمان و دەرەوەی هۆڵ و كەناڵەكانی راگەیاندن.
دوابەدوای گرژییەكانی ناو هۆڵی پەرلەمان خستنە دەنگدانی بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان راگەیەنداروێكی لەژێر ناونیشانی (پەرلەمانی كوردستان، دامەزراوەیەكی بە بارمتەگیراو) بڵاوكردەوە رایگەیاند لە (31)ەمین ساڵیادی یەكەم هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی ناهەمواردا، پەشێوی و گرژی پەرلەمانی گرتەوە، لەدەرەوەی پەیرەو و یاساكاندا هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كرا. جێگەی داخە ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن هێزە باڵادەستەكانەوە بەجۆرێك بەبارمتە گیراوە، لەبری ئەوەی رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەریی پرسە نیشتیمانیەكان و بەدامەزراوەیی كردنی هەرێمدا، كەچی لایەنێك بۆ وەدەستخستنی دەسكەوتە بچوكە حزبیەكانی بەكاری دەهێنێت و ئەوەی تریشیان هەركات بیەوێت بەئارەزووی خۆی پەكی دەخات. دوای (31) ساڵ ئەزموون، دەبوایە ئێستا ئەم پەرلەمانە لەهەڕەتی بەهێزی و گەشەسەندنیدا بوایە نەك بەم شێوازە ئەتك و بێبایەخ بكرێت.