perlemanudadgaifidrali.jpg

دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دواخرا

May 24, 2023  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

دانیشتنی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵای سەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ رۆژی 30/5/2023 دواخرا. 
بڕیار بوو ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر چەند سكاڵایەك دژی درێژكردنەوەی تەمەنی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن (د. یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و چەند كەس و لایەنێك تۆماركراوە دانیشتن ئەنجامبدات، بەڵام دواخرا.
لەماوەی رابردوودا د. یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان چەندین بەڵگەنامەی وردی خستە بەردەم دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبەرامبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەرچی شەقامی كوردی لە چاوەڕوانی یەكلایكردنەوەی ئەم سكاڵایەبوون، بەڵام ئەمڕۆ دانیشتنەكە دواخرا بۆ رۆژی 30/5/2022. 
جێگەی سەرنج و ئاماژەپێدانە كە دوابەدوای دانیشتنی رۆژی 22/5/2023 ی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان گرژی لەنێوان هەردوو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دروستبوو، هەر بەمەوە نەوەستا دوابەدوای بەنایاسایی بەردەوامبوونی دانیشتنەكەو تێپەڕاندنی بڕیارەكە، هەریەك لە سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی بە دوو ئاراستەی جیاواز هەڵسوكەوت دەنوێنن و هەڵوێست وەردەگرن، چەندین نوسراویان ئاراستەی دامودەزگا فەرمیەكان و رای گشتی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كردووە كە پێچەوانەی یەكترن، هەر بەوەندە نەوەستاوە بەپێی زانیاریەكانی (روانگەی پەی) رۆژی (23/5/2023) سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی دادگای فیدراڵی بەغدای كردووە (تخویل)ی هەریەك لە (د.وەعدی سلێمان مزوری) و (شەرمین خدر بەهجەت) كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانن كێشاوەتەوە لە دادگاكە كە لەم مێژووە بەدواوە ناتوانن نوێنەرایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكەكەی بكەن لە دادگاكەدا بكەن، بەهۆی ئەم هەنگاوە نوێیەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئێستاكە لە (3) نوێنەر تاكە نوێنەرێك بە (تخویل) كراوی ماوەتەوە و نازانرێت ئەم نوێنەرەش نوێنەرایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات یاخود نا.