بەواژۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دەقی بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمسیۆن كرا.
بەپێی نوسراوێكی فەرمی پەرلەمانی كوردستان كە وێنەیەكی دەست (روانگەی پەی) كەوتووە و ژمارە (4/3/1352)ی رۆژی 22/5/2023 لەسەرە و (د. هێمن هەورامی) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان واژۆی لەسەر نووسراوەكە كردوە، لەگەڵ نووسراوەكەدا وێنەیەك لە بڕیاری ژمارە (10)ی ساڵی 2023 بەرهەردوو زمانی (كوردی و عەرەبی) ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستانی كردووە.
دوابەدوای گەیشتنی نوسراوەكە بە ئەنجومەنی وەزیران، لە پەراوێزی نوسراوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی خۆی بە درەرچونی ئەم بڕیارە دەربڕیوە و نوسراوە: "بەڕێز ئەندامانی ئەنجومەن ..... پیرۆزە).
دەركردنی ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە، (د. رێواز فایەق) سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان زیادکردنی بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (4)ی رۆژی ٢٠٢٣/٥/٢٢ی بە ناپەیڕەوی لەقەڵمدا و دانیشتنەکەی کۆتایی پێهێنا، بەڵام (د. هێمن هەورامی) جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەردەوامیدا بە دانیشتنەکە و بڕگە زیادکراوەکەی خستە خاڵی یەکەمی بەرنامەی کارەوە کە بریتی بوو لە کاراکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان و دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی دوو ئەندامی نوێ و بەردەوامبوونی ئەندامەکانی پێشوو و بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستان و لێدوانی د. هێمن هەورامی بە دەنگی (58) پەرلەمانتار کۆمسیۆن کارا کرایەوە و ئەندامانی هەردوو فراكسیۆن لەناو هۆڵی پەرلەمان رووبەڕووی یەكتری بوونەوە و چەندین لێداونی دژ بەیەكیاندا لەناو هۆڵی پەرلەمان و دەرەوەی هۆڵ و كەناڵەكانی راگەیاندن.
دوابەدوای گرژییەكانی ناو هۆڵی پەرلەمان خستنە دەنگدانی بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان راگەیەنداروێكی لەژێر ناونیشانی (پەرلەمانی كوردستان، دامەزراوەیەكی بە بارمتەگیراو) بڵاوكردەوە رایگەیاند لە (31)ەمین ساڵیادی یەكەم هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی ناهەمواردا، پەشێوی و گرژی پەرلەمانی گرتەوە، لەدەرەوەی پەیرەو و یاساكاندا هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كرا. جێگەی داخە ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن هێزە باڵادەستەكانەوە بەجۆرێك بەبارمتە گیراوە، لەبری ئەوەی رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەریی پرسە نیشتیمانیەكان و بەدامەزراوەیی كردنی هەرێمدا، كەچی لایەنێك بۆ وەدەستخستنی دەسكەوتە بچوكە حزبیەكانی بەكاری دەهێنێت و ئەوەی تریشیان هەركات بیەوێت بەئارەزووی خۆی پەكی دەخات. دوای (31) ساڵ ئەزموون، دەبوایە ئێستا ئەم پەرلەمانە لەهەڕەتی بەهێزی و گەشەسەندنیدا بوایە نەك بەم شێوازە ئەتك و بێبایەخ بكرێت.
دەقی راگەیەندراوەكەی ئینستتیوتی پەی