2252023.jpg

سەرۆکی پەرلەمان: دانیشتنەكەی ئەمڕۆ هیچ بەهایەكی یاسایی نیە

May 22, 2023  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

 
 
بڕیار بوو ئەمڕۆ ٢٠٢٣/٥/٢٢ دانیشتنی ژمارە ٤ی ئاسایی لە پەرلەمان بەڕێوە بچێ.
بەپێی ئەو بەرنامەی کارەی کە لە رۆژی ٢٠/٥ بڵاوکرایەوە، كە بریتی بوو لە دوو خاڵ:
یەكەم: ده‌نگدان له‌سه‌ر داواكاریی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ئەندامیەتیی پەرلەمان.
دووەم: خوێندنه‌وه‌ی دوو پڕۆژەیاسا .
بەڵام دوێنێ بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان، خاڵێکی بە واژۆی جێگر و سکرتێری پەرلەمان بۆ بەرنامەی كار زیادكرا، زیادکردنی ئەم خاڵەبووە هۆی ئەوەی لە دەستپێکی دانیشتنی ئەمڕۆ، سەرۆکی پەرلەمان، زیادکردنەکەی بە نا پەیڕەوی لە قەڵەمداو دانیشتنەکەی هەڵگرت و هۆڵەکەی بەجێهێشت، دواتر گرژی و پێکدادنی نێوان پەرلەمانتارانی لێ کەوتەوە.
  دوابەدوای گرژی ناو هۆڵی پەرلەمان رێواز فایەق بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و دەڵێ: دوای کۆتایی هێنان بە دانیشتنی پەرلەمان لە لایەن سەرۆکەوە، بەردەوامیدان بە دانیشتن لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت.

دەقی راگەیەنراوەكه‌..
راگەیەنراوێک لە سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و رای گشتی
بەرمەبنای دانیشتنی ژمارە (٤)ی رۆژی دووشەممە ٢٢/٥/٢٠٢٣ کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی سێیەم لە ماددە (١٨) لە پەیڕەوت ناوخۆ پێیدراوەو تێیدا هاتووە (کردنەوەی خول و دانیشتنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیکردنیان، کۆتاییپێهێنان و دواخستنیان، دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانیان) دانیشتنی ئاماژە بۆ کراوی سەرەوە دواخراوەو کۆتایی پێهات، لێرەوە رایدەگەینین:
یەکەم: هیچ دەرئەنجامێکی ئەو دانیشتنە دوای دواخستنی بەهای یاسایی و پەیڕەوی نابێت.
دووەم: بەپێی بڕگەی (١١)ی ماددەی (١٨) دەسەڵاتی واژووکردنی سەرجەم نووسراوەکانی پەرلەمان تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان دایەو بەڕێزیان ئەو دەسەڵاتەی بەکەسی تر نەداوە مومارەسەی بکات، بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژووی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە.
نووسینگەی رۆژنامەوانی
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان