وردە وردە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە خولی پێنجەمدا دەست لەكاردەكێشنەوە و لە نوێترین پێشهاتیشدا چوار پەرلەمانتاری تر دەستیان لەكاركێشایەوە.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو چەند ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان و تەواوی فراكسیۆنەكانی كۆمەڵەی دادگەری كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی دەستیان لەكاركێشایەوە، چوار ئەندامی تری پەرلەمانی كوردستان بەناوەكانی (ئاشنا عەبدوڵلاا، دابان محەمەد، شیرین ئەمین) لە فراكسیۆنی گۆران و (دیاری ئەنوەر) لە سەربەخۆكان دەستیان لەكاركێشایەوە.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، بەشێك لەم ئەندامانە ئەمڕۆ دەستیان لەكاركێشاوەتەوە و ئەوانی تریش رۆژانی ئەم هەفتەیە دەست لەكاردەكێشنەوە، ئەمە لەكاتێكدایە وابڕیارە سبەینێ چوارشەممە لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا دەستلەكاركێشانەوەی (7) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری بخرێتەوە دەنگدانەوە و بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاوشێوە فراكسیۆنی یەكگرتوو و بەشێك لە فراكسیۆنی گۆڕان شوێنیان پڕ بكرێتەوە.
بەشێك لە چاودێران پێیان وایە ئەگەر دەست لەكاركێشانەوەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا پەرلەمانی كوردستان لەم ماوەیەی تەمەنی خۆی بۆ درێژ كردۆتەوە تەنها فریای ئەوە دەكەوێت شوێنی ئەندامانی پەرلەمان پڕبكاتەوە دەستلەكاركێشانیان بخاتە بەرنامەی كار.
بۆ بیرهێنانەوەش ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بەبەردەوامی داوای لەلایەنە پێوەندیدارەكان دەكرد، كە هەرچی زووە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بەهۆی هیچ بیانوویەك تەمەنی پەرلەمان درێژ نەكرێتەوە، لە ئێستادا جگە لەوەی تەمەنی پەرلەمان درێژكراوەتەوە و چاوەڕوانی ئەوەش ناكرێت لەم ساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و رۆژ لە دوای رۆژیش جگە لە نیگەرانی نێودەوڵەتی لەناوخۆشدا فشار و نیگەرانی زۆر هەیە.