Mohammed-hakim.jpg

ئەندامێكی پێشووی پەرلەمان: هیچ گرەنتییەك نییە كە لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت

May 3, 2023  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

محەمەد حەکیم ئەندامی خولى دووەمى پەرلەمانی كوردستان و وتەبێژی ئێستای كۆمەڵی دادگەری كوردستان رایگەیاند، نوێنەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ڕێككەوتنی لایەنەكان بێئومێد بوون، ئێمە دەمانەوێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بكرێت.

محەمەد حەکیم لە دیمانەیەكی تایبەت بە كەناڵی (پەیام) كە میدیای حزبەكەیەتی هاوكات لە واڵی تایبەتی خۆشیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كورتەیەك لە لێدواتەكەی بڵاوكردۆتەوە و نوسیویەتی:

پیرۆزبایی لە جەماوەری كوردستان و كادیرانی كۆمەڵ دەكەم بۆ ئەم بڕیارە و كۆمەڵی دادگەری پلە و پۆستەكانی بۆ خزمەتكردن بەكارهێناوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، بەم بڕیارە كۆمەڵی دادگەری دەست لە (17) پلە هەڵدەگرێت، هاوكات نوێنەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ڕێككەوتنی لایەنەكان بێئومێد بوون و بەم هەڵوێستەشمان دەبینە پاڵنەر و فشار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

وتوشیەتی: هیچ گرەنتییەك نییە كە لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، چونكە ململانێی پارتی و یەكێتی گەیشتووەتە ململانێی ئەمنی و هەیبەت و قورسایی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەق بووە.

لەكۆتایشدا نوسیویەتی:  ئێمە دەمانەوێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بكرێت و  كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە هەڵبژاردن ناترسێت و چاوەڕێ دەكرێت لە بەغداد تانە لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم بدرێت.

ماوەیەكە لایەنە سایسیەكانی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، بەشێوازی جیا جیا باس لە هەڵبژاردن دەكەن، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەماوەی رابردوو بە جیا و لەگەڵ بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدنی یاداشتی ئاراستەی سەرجەم لاینە بەرپرسەكان لەناوخۆ و نێودەوڵەتی كردوە و مەترسییەكانی خۆی خستۆتە ڕوو لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی لەكاتی حۆیدا، هاوكات لە نوێترین راپۆرتی خۆشیدا لەسەر ئەدای ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كە لە رۆژی 30/4/2023 بڵاوكرایەوە مەترسیەكانی خۆی جاريَكى تر لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا خستۆتەڕوو، هاوكات داواشی كردووە ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەم شێوەیە لەسەركارەكانیان بەردەوام بن، ئەوا پێویستە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بە كۆمەڵ دەست لەكاربكێشنەوە و رێگر بن لەوەی كە چیتر هەڵبژاردن دوانەخرێت.