3.jpg

شایان عەسكەری: دامەزراوەیەک ھەبوو پێی دەگوترا، پەرلەمانی کوردستان!!!

May 2, 2023  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

 ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ھەر فراکسیۆنێکی تر گەر بە ڕاستی خەمی خەڵکییەتی، پێویستە دەست لە پەرلەمان بکێشێتەوە نەک ئەندامی نوێ بنێرێ بۆ سوێند خواردن لە دامەرزراوەیەکی ماوەبەسەرچوو، ( سوێند خواردنەکە خۆی لە خۆیا شەرعیەت دانە بەو دامەزراوە ماوە بەسەرچووە)، ئیتر ھێنانەوەی بیانوو بۆ نەچوون بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان، ھیچ سەنگی نییە.

شایان عەسكەری ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە نوسینێكیدا بەناونیشانی (دامەزراوەیەک ھەبوو پێی دەگوترا، پەرلەمانی کوردستان!!!) رایگەیاند: دەستتان خۆش کۆمەڵی دادگەری بۆ بڕیاری دەست لە کارکێشانەوەتان لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتە خۆجێییەکان.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لەسەر ئەدای ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كە لە رۆژی 30/4/2023 بڵاوكرایەوە مەترسیەكانی خۆی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا خستۆتەڕوو، هاواكات داواشی كردووە ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەم شێوەیە لەسەركارەكانیان بەردەوام بن، ئەوا پێویستە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بە كۆمەڵ دەست لەكاربكێشنەوە و رێگر بن لەوەی كە چیتر هەڵبژاردن دوانەخرێت.

 

دەقی نووسینەكەی وەكخۆی:

دامەزراوەیەک ھەبوو پێی دەگوترا، پەرلەمانی کوردستان!!!

دەستتان خۆش کۆمەڵی دادگەری بۆ بڕیاری دەست لە کارکێشانەوەتان لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتە خۆجێییەکان.

دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠٢٢/١٠/٩ بە نایاسایی، لە ڕێی پێشنیازە یاسایەکەوە تەمەنی خۆی درێژ کردەوە، دەستم لە ئەرکی پەرلەمانتاری کێشایەوە و خانەنشینی پەرلەمانم ڕەت کردەوە و گەڕامەوە سەر کاری پزیشکی بە مووچەی پزیشکی.

لە ٢٠٢٣/٣/١ کۆی فراکسیۆنی یەکگرتوو و دوو پەرلەمانتاری بەڕێزی تر دەستییان لە پەرلەمانی کوردستان کێشایەوە.

ئەمڕۆش کۆمەڵی دادگەری بڕیارە دروستەکەی داوە و کۆی فراکسیۆنەکەی دەست دەکێشێتەوە لە پەرلەمانی کوردستان.

گەر ئەوە شکستھێنانی پەرلەمانی کوردستان نەبێت، چ پێناسەیەکی دیکەی ھەیە!!؟؟

لە تەواوی خولەکانی ڕابردوو ئەو ژمارە زۆرەی پەرلەمانتاران (١٥پەرلەمانتار )دەستییان لە پەرلەمانی کوردستان نەکێشاوەتەوە، ئەمەش کاردانەوە و ھەڵوێستێکی زۆر گرنگە بە ھۆی کارێکی ھەڵە و نایاسایی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کە دەستەمۆی دوو حزبی دەسەڵاتدار و گەندەڵن ، و لە ژێر فشاری حزب یاسا ی نایاساییان پەسند کردووە دژی ویستی میللەت و بەرژەوەندی خەڵک.

سوپاس کۆمەڵی دادگەری، لەدۆخێکی سیاسی چەقبەستووی دروستکراوی یەکێتی و پارتی، لەو نائومێدییە سیاسییە، لە وجودی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختە و فریودەری خەڵک، ئەو بڕیارەتان دا.

ھەر فراکسیۆنێکی تر گەر بە ڕاستی خەمی خەڵکییەتی، پێویستە دەست لە پەرلەمان بکێشێتەوە نەک ئەندامی نوێ بنێرێ بۆ سوێند خواردن لە دامەرزراوەیەکی ماوەبەسەرچوو، ( سوێند خواردنەکە خۆی لە خۆیا شەرعیەت دانە بەو دامەزراوە ماوە بەسەرچووە), ئیتر ھێنانەوەی بیانوو بۆ نەچوون بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان، ھیچ سەنگی نیە.