dadgay-fidrali.jpg

بۆ وردبینی زیاتری سکاڵاکەی سەر پەرلەمان، دادگای باڵای فیدڕاڵی دانیشتنەکەی دواخست

Mar 16, 2023  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنی تایبەت بە سكاڵای دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی "بەمەبەستی وردبینی" بۆ ٢٩-٣-٢٠٢٣ دواخست كە بڕیاربوو ئەمڕۆ دانیشتنەكە ئەنجام بدرێت و داوایەكی   تیمی پارێزەرانی پەرلەمانی كوردستانی بۆ "بەشداریپێكردنی نوێنەری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان لە دۆسیەكەدا" ڕەت كردەوە.

سکاڵاکە لە سەر پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆكی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان  لە دۆسیەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان پێشکەش بە دادگای فیدڕاڵی کراوە و ئەمڕۆ دادبینی كرا و لە ٢٩ی مانگیش جارێكی دیكە دادبینی دەكرێت.
د. یوسف محەمەد، سەرۆكی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ ١٥/ ٣/ ٢٠٢٣ دانیشتتنێکی تری دادبینیی دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە دۆسییەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی تری ھەرێم بەڕێوەچوو. ڕوونیشی كردۆتەوە، دادگا جارێکی تر وتەی ئێمە و پارێزەرانی داوالەسەرکراوی وەرگرت. دواتر داوایەکی پارێزەرانی پەرلەمانی ڕەت کردەوە بۆ بەشداری پێکردنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە پڕۆسەی دادبینی.  ئامانجی ئێمە لە داوای (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) تەنھا بە نادەستوری ناساندنی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نییە، بەڵکو جگە لەوە ئەخوازین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەقی ڕوون لەخۆ بگرێ سەبارەت بە سەپاندنی پاکیی ھەڵبژاردن و بێلایەن کردنی ھێزە چەکدار و ئەمنی و ھەواڵگرییەکان و ئاسایی کردنەوەی دۆخی ھەرێم. سەرباری بوونی فشاری زۆر لەسەر دادگای باڵای فیدڕاڵی، بەڵام ئومێدەوارین بڕیاری دادگا لە قازانجی خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسیی ھەرێم بێ.