7kes.jpg1.jpg

وێڕای بەسەرچوونی تەمەنی پەرلەمان، پێنج ئەندامی نوێ سوێندی یاساییان خوارد

Mar 16, 2023  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

 

وێڕای بەسەرچوونی تەمەنی پەرلەمان دوای درێژكردنەوەیشی كە نزیكەی نۆ مانگ تەمەنی ماوە، پێنج ئەندامی نوێ سوێندی یاساییان خوارد.
 لە دانیشتنی ژمارە (٢)ی رۆژی ٢٠٢٣/٣/١٥ ی خولی درێژكراوە (بەهارە)ی پەرلەمانی كوردستاندا، كە بەرنامەی كاری لە دوو بڕگە پێكهاتبوو، یەكەمیان تایبەت بوو بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ پاڵاوتنی كاندید بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران، و بڕگەی دووەمیش تایبەت بوو بە سوێندخواردنی ئەو ئەندامانەی شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكان دەگرنەوە.
بە پێ خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار لیژنەیەكی پێنج كەسی پێكهێنرا لە نوێنەرانی حیزب و پێكهاتەكان بۆ  پاڵاوتنی كۆمیسیاران بۆ ئەنجوومەنی كۆمیسیاران. لەسەر داوای سەرۆكی پەرلەمان هەر یەك لە د. بژار كۆچەر(نوێنەری پارتی)، عەباس فەتاح ساڵح(نوێنەری یەكێتیی)، بەڵێن ئیسماعیل( نوێنەری گۆڕان)، ڕوبینە ئوملیك عەزیز( نوێنەری سەرجەم فراكسیۆنەكانی كلدوئاشوورییەكان)، سارا دڵشاد چاوشلی (نوێنەری فراكسیۆنە توركمانییەكان)، لەلایەن سەرۆكی فراكسیۆنەكانیانەوە بۆ ئەم لێژنە تایبەتمەندە دەستنیشان كران و خرانە دەنگدانەوە و پەسندكران.
بڕگەی دووەمیش هەروەك لە بەرنامەی كاردا هاتبوو بریتیبوو لە سوێندخواردنی  (٧) ئەندامی نوێ لە جێی ئەو (٧)  ئەندامەی پێشتر لە دانیشتنی ژمارە (١) دەستلەكاركێشانەوەكەیان لە پەرلەمان پەسەندكرا كە بەم شێوەیە بوو:
١- (حسێن عوسمان شریف عمر)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (شێركۆ جەودت مستەفا).
٢ - (ئیسلام سەعد مامەك)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (ئەبوبەكر عومەر عەبدوڵا).
٣ - (عەبدوڵا حەسەن حەمەد حەسەن)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (ئیسماعیل عەلی تەها).
٤ - (لەیلا علی عەبدولعەزیز محمەد)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (سەرچنارئەحمەد مەحمود).
٥ - (بیروان فەقێ ئیسماعیل باسو)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (هەلز ئەحمەد محەمەد حەسن).
٦ - (دلێر عەبدولخالق حاجی)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (عەلی حمەساڵح تەها).
٧ - (مەهدی عەلی عەبدوڵا رەحیم)، لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (كازم فاروق نامق). 
شایانی باسە لەو حەوت كاندیدە نوێیەی دەستنیشانكرابوون تەنها پێنجیان ئامادە بوون، هەریەك لە (ئیسلام سەعدی مامەك و حسێن عوسمان شەریف) كە سەر بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوون ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون و سوێندی یاساییان نەخوارد، هەروەها ئەندامێكی تری سوێند خواردووی نوێ لە نەوەی نوێ (مەهدی عەلی) كە لە جێی (د.كازم فاروق ) سوێندی یاسایی خوارد، دوای دانیشتنی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ووتی: "باوەڕم بەم پەرلەمانە نییە و پەرلەمانێكی ناشەرعییە و ئەوە بایكۆتم كرد. ئەم پەرلەمانە ماوەكەی بەسەرچووە، پێشێلی دیموكراسی و یاسا و شەرعی كردووە، هەر بڕیارێكیش دەدات نایاسایی و نادەستووری و ناشەرعییە".
هەروەها بێروان فەقێ ئیسماعیل كە لە جێی ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو سوێندی یاسایی خوارد "وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ بوومە پەرلەمانتار، حیزب حەزی نەدەكرد. پێیان گوتم هەركەسێك بچێتە پەرلەمان، لە هێڵەكانی یەكگرتوو چووەتەدەرێ".