rywazhelbjardn.jpg

پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەکانی بۆ هەڵبژاردن دەستپێدەکاتەوە

Feb 20, 2023  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆببنەوەو پاشانیش پەرلەمان لەسەر هەمان پرس کۆبونەوەکانی دەستپێبکات"
د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"پرسی هەڵبژاردن بابەتێكی نیشتمانییە و پەیوەندی بەهەموو لایەنەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، پێویستە ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا بنرێت و بابەتی هەڵبژاردن بکرێتە ئەولەویەتی دانوستانەکان، چونکە کات لەبەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسی نییە لەهەرێمی کوردستان، بۆیە لەکۆبونەوەی خۆمان وەک فراکسیۆن لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی و کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی، باسی پرسی هەڵبژاردن و بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانمان کرد".
دەشڵێت: "لە کۆبونەوەکەدا گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە پێویستە پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەکانی لەسەر پرسی هەڵبژاردن دەستپێبکات و بۆ ئەو مەبەستەش کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی راسپێردران کەلەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆ بکەن سەبارەت بە کۆبونەوەی هەردوو دەزگای هەڵبژرادنی یەکێتی و پارتی و ئەگەر کێشەیەک لەنێوان ئەو دوو حزبەدا هەیە پیویستە لەرێی گفتوگۆوە لەسەر پرسی هەڵبژاردن چارەسەری بکەن، بۆ ئەوەی پەرلەمانیش بتوانێت لە دوای 1-3 وە کۆبونەوەکانی خۆی دەستپێبکاتەوە".
سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی خستەروو: "پرسی هەڵبژاردن پەیوەستدارە بەهەموو لایەنەکانەوە، بۆیە ئەم هەنگاوەی کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن وەک سەرەتایەک دەبێت و پاشان هەڵوێستی لایەنەکانیش لەسەر ئەو پرسە وەردەگیرێت".