paragraf.jpg

وادەی دادبینی سكالاكانی دژ بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دیاریكرا

Dec 6, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەی دیاریكرد بۆ دادبینی چوار داوای یاسایی كە لە دادگاكە تۆماركراون لە دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. داوایاساییەكان سیانیان لەلایەن جووڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمار كراون لە ١٢-١٠-٢٠٢٢، یەكەم داوا لەلایەن سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، پاشان هەریەكە لە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكەو و كاوە عەبدولقادر ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان داوای یاساییان لە دادگاكە تۆمار كردوە. دواتریش یوسف محەمەد سەرۆكی پیشووی پەرلەمانی كوردستان لە ٧-١١-٢٠٢٢ لەسەر هەمان بابەت داوایەكی یاسایی لە دادگای فیدراڵی تۆماركرد. داواكاران لە داوا یاساییەكانیاندا تانەیان لەو یاسایەداوە كە پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك پێدرێژكردەوەو پێیانوایە یاساكە پێچەوانەی دەستوورە. سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی داواكەیەوە دەڵێت "بە رەچاو كردنی چەند بڕیارێكی پێشوی دادگای فیدڕاڵی و ئاماژەدان بە دژوەستانەوەی درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجومەنە ھەڵبژێردراوەكان لەگەڵ ئیرادەی گەل و بنەماكانی دیموكراسی و بەند و ماددەكانی دەستور، چاوەڕێ ئەكەین كە دادگاكە دواجار بڕیاری نادەستوری بونی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان دەربكات. لە داواكەماندا داوامان كردوە دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر نادەستوری بوونی یاسای ئاماژەپێكراو و كۆتایی ھێنان بە ویلایەتی«پەرلەمان » و «سەرۆكایەتیی ھەرێم» و «حكومەتی ھەرێم» بدات".

بۆ بیرخستنەوە ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، گۆڕان و پێكهاتەكان درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی ساڵێك و چوار مانگ پەسەند كرا. شایانی وتنە لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە. لە ئێستاشدا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بكرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیكەی نیوەی تەمەنی بە درێژكردنەوەی بەسەر بردووە.