dr.yusf.jpg

د. یوسف محەمەد داوای یاسایی لە دژی درێژ کردنەوەی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی دیکەی تۆمار کرد

Nov 7, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە خولی چوارەمی پەرلەمان لە پێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیوێتی:

ئەمڕۆ لە دژی درێژ کردنەوەی ناشەرعیی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی دیکەی ھەرێم، لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سکاڵامان تۆمار کرد..پاش ئەوەی دوێنێ ٦/ ١١ لە سایتی وەقایعی کوردستان، یاسای بەردەوام بونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ ٧/ ١١/ ٢٠٢٢ لە دادگای باڵای فیدراڵی داوایەکمان تۆمار کرد بە ژمارە (٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) بۆ تانەدان لە دەستوری بونی دەرکردنی ئەو یاسایە و، ناشەرعی و نادەستوری بونی درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی دەسەڵاتەکانی ھەرێم بێ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و بێگەرد.
پێشتریش چەند جارێک ئاماژەمان بەوە داوە کە هەڵبژاردن وەک گرێبەستی نێوان دەنگدەر و هەڵبژێردراو، مەرجدارە بەو کاتەی بۆی دیاریکراوە و بەو بەڵێنانەی هەڵبژێردراو داویەتی بە دەنگدەر کە لەو ماوەیەدا کار بکات بۆ بەدیهێنانیان. هەر بۆیەش لە دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی ئەنجومەن و پۆستە هەڵبژێردراوەکان، شەرعییەت لە دەست ئەدەن و درێژکردنەوەیان ناشەرعییە و دژی بنەما جێگیرەکانی دیموکراسییە.
ھەر بۆیەش لە دوێنێ ٦/ ١١ەوە دەسەڵاتەکانی ھەرێم شەرعییەتیان لەدەست داوە و، لە ھەمان کاتیش بە ھەڵبژاردنی پڕ ساختەکاری و، بێ بێلایەن کردنی ھێزی چەکدار و ئەمنی، شەرعییەتیان بۆ ناگەڕێتەوە.
لە داوا دەستورییەکەماندا، بە سوپاسەوە بەھاوکاریی چەند ھاوڕێیەکی یاساناس، بە وردی باسمان لە دژ بونی دەرچونی یاسای ناوبراو کردوە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و، بەند و مادەکانی دەستوری عێراق کە پەسەندکراوی گەلی کوردستانیشە. سەرباری داوایەکی یاسایی دیکە کە لە کاتی خۆیدا باسی ئەکەین.
چاوەڕێ ئەکرێ لە ماوەی کەمی داھاتودا دادبینی لەم داوایە دەست پێبکات..