Balambo.jpg

پەرلەمانتارێك: باشترین كارێك كە ئێستا بەرژەوەندی خەڵكی تێدا بێت، هەڵوەشاندنەوەی كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمە

Nov 6, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكات ئەوەی لە هەرێمی كوردستان هەیە پێی ناوترێت حكومەت، بەڵكو هەروەك پێشتر دوو ئیدارەییەكەی جارانە، چونكە ئەگەر حكومەت، حكومەت بێت دەبێت ڕەچاوی بارو گوزەرانی هەموو ناوچەكانی كوردستان بكات نەك تەنها زۆنێكی دیاریكراو، جەختیش دەكاتەوە كە باشترین كارێك كە لە ئێستادا بكرێت و بەرژەوەندی خەڵكی تێدا بێت بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێم.
باڵامبۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە ماڵپه‌رى بواری ڕاگەیاندووه‌: ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبات پێی ناوترێت حكومەت، بەڵكو هەروەك پێشتر دوو ئیدارییەكەی جارانە، چونكە لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكاندا پەراوێز خستنێكی ڕوون دیارە كەبەرامبەر بە زۆنی سەوز دەكرێت، هەمیشە پشكی شێر بۆ زۆنی زەرد بووە. ئەوەی ماوەتەوە وەك خێر دانراوە بۆ زۆنی سەوز ئەگەر حكومەت، حكومەتی هەرێمی كوردستانە جیاوازی چییە لە نێوان هەولێر و سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە پارێزگای هەولێر شەقامی 150 مەتری لە تەواوبووندایە، بەڵام لە سلێمانی هێشتا شەقامە 100 مەترییەكەی نیوە نەبووە، ئەگەریش دەوترێت هەولێر بە پارەی خۆیان پرۆژەكان ئەنجام دەدەن، با پێمان بڵێن ئەو پارەتان لە كوێ‌ بوو، ئەگەریش دەڵێن داهاتی سلێمانی دیار نەماوە بابێن بەدواداچوون بكەن بزانن بۆچی پارەی نەختینە لە بانكەكان نەماوە و چەكی بانكی كراوە بەپارە، بەڵام ئەو سیاسەتەی بەرامبەر بە سلێمانی گیراوەتە بەر زۆر هەڵەیە، چونكە پێیان وایە بەو سیاسەتە خەڵك لە یەكێتی توڕە دەبێت و هەڵدەگەڕێتەوە، بەڵام خەڵك هۆشیارە و دەزانن گەندەڵییەكە لەكوێوە دەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەم بارودۆخە هەروا بەردەوام بێت باشترین كارێك كە ئێستا بەرژەوەندی خەڵكی تێدا بێت هەڵوەشاندنەوەی كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمە، چونكە ئەمەی ناویان ناوە حكومەت، حكومەت نییە، بەڵكو دەستەڵاتێكە لەبەرژەوەندی چەند ناوچە و كەسێك كار دەكات.