Tamanyparlaman.jpg

پەرلەمانی كوردستان 10 ساڵ لە تەمەنی یاسایی خۆی گەورەترە

Oct 10, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی (30) ساڵدا (5) خولی پەرلەمانی بەرێكردووە، كە بۆ هەر خولێك (4) ساڵە، بەو پێیە تێكڕا (10) ساڵ تەمەنی خولەكانی پەرلەمانی كوردستان بە "ناچاری" درێژكراوەتەوە، كە هۆكاری ناجێگیری دۆخی سیاسیی و نا لەباری زەمینەی هەڵبژاردن بوون، بەڵام لە هەموو دۆخەكان دا پاراستنی "تەمەنی یاسایی پەرلەمان" خاڵی كۆكی ناكۆكەكان بووە.
"یەكەم هەواڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان 27 ساڵ لەمەوبەرە"
كه‌ناڵى ئاسمانى گه‌لى كوردستان راپۆرته‌ هه‌واڵێكى له‌سه‌ر ته‌مه‌نى درێژردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بڵاوكردۆته‌وه‌، تیایدا هاتووه‌، په‌رله‌مانى یەكەمین تەمەنی درێژكردنەوەی پەرلەمان لە 27/5/1995 بووە، كە (27 ساڵ) لەمەوبەر رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە لاپەڕەی یەكەمی دا بە مانشێتی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە بەمجۆرە هەواڵەكەی بڵاوكردۆتەوە
( بڕیارە سەعات (11:30)ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان لە گوندی دارەبەن-ی نزیك لە شاری هەولێر كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ببەستێت.
شایانی باسە، بڕیار وابوو لە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەدا دوو بابەت بخرێتە بەر باس، یەكەمیان درێژكردنەوەی مانەوەی یاسایی پەرلەمان بۆ ساڵێكی دیكە و دووەمیشیان داگرتنی وەرگیرانی لیستە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە 7%ەوە بۆ 1% بەڵام لەبەرهەندێك گرفتی تایبەت بە حزبە كوردستانییەكان باسكردنی بابەتی دووەم دواخرا).
"خولی یەكەم لە مزگەوتی گوند و بە كورسی كەنیسە دانیشتنی درێژكردنەوەی كرد"
ئەو رۆژە كۆبوونەوەكە لە مزگەوتی گوندی دارەبەن كراوە و كورسیی دانیشتنەكەش لە كەنیسەیەكی عەینكاوا بووە، دانیشتنەكەش ماوەكەی (10) خولەك بووە و تەمەنی خولی یەكەمی پەرلەمان بۆ ماوەی (3 مانگ) درێژكرایەوە.
ئەمە دیمەنێكی كورتی راستەقینەی مێژووی درێژكردنەوەی یەكەمین خوولی پەرلەمانی كوردستانە كە ئەوكات خوالێخۆشبوو جەوهەر نامیق سەرۆكی پەرلەمان بوو، ئەوەبوو ئەوخولە (3 جار تەمەنی درێژكرایەوە لە_27/5/1996 و 3/6/1996 و 15/4/1996).
"لە سی ساڵ دا حەوت جار تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكراوەتەوە"
پەرلەمانی كورستان لە ماوەی خولی یەكەمەوە (1992 تا 2022)، حەوت جار تەمەنی خۆی درێژكردۆتەوە، كە خولی یەكەمیان لە ساڵی (1992 تا 2005) بووە و 4 جار تەمەنی بۆ درێژكراوەتەوە.
بەگوێرەی سایتی رەسمی پەرلەمانی كوردستان خوولی یەكەم ماوەكەی (1992-2005) دیاریكراوە و تەمەنی ئەو خوولە (13ساڵ) بووە و (9 ساڵ) لە تەمەنی یاسایی خۆی درێژكراوەتەوە كە هەر خولێك تەنیا (4 ساڵە)، كە دەكاتە دوو خول و نیو لە هەڵبژاردن دواكەوتوین.
خوولی دووەم 2005-2009 دیاریكراوە و نزیكەی (50 رۆژ) درێژكراوەتەوە
خوولی سێهەم 2009-2013 دیاریكراوە، زیاتر لە (2 مانگ) تەمەنی بۆ درێژكراوەتەوە
خوولی چوارهەم 2013-2018، نزیكەی (یەك ساڵ) تەمەنی بۆ درێژكراوەتەوە
خوولی پێنجەم 2018 و بەردەوامە، (1ساڵ و 4 مانگ) درێژكراوەتەوە
بەگوێرەی زانیارییەكانی پێگەی پەرلەمانی كوردستان، لەو پێنج خولەدا شەش سەرۆكی پەرلەمان هەبووە و فرسەت ئەحمەد (17 ساڵ) سكرتێری پەرلەمان بووە لە ساڵی 1992-2009.
درێژكردنەوەی تەمەن و دواخستنی هەڵبژاردنی بەدوادا دێت
درێژكردنەوەكانی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆئەوەبووە، كە تەمەنی یاسایی بەسەر نەچێت و بۆشایی یاسایی دروست نەبێت و ئامادەسازیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بكرێت، دواهەمین درێژكردنەوەی خولی پێنجەم پەسەندكردنی پرۆژەیاسای
درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بووە و هێشتا ئامادەسازیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم نەكراوە تەمەنی ئەم خولە ساڵێك و (4 مانگ) درێژكراوەتەوە، هەموو ئەو درێژكردنەوانە پرۆسەی هەڵبژاردنی بەپێی تەمەنی درێژكردنەوەكان دواخستووە.
"درێژكردنەوە لە وڵاتانی دیكەش هەبووە و كۆرۆناش هۆكارێكە"
درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ماوەی سەرۆكایەتی لە وڵاتانی دیكەش نمونەی هەیە، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، لەوانە لە ساڵی _2013-2014) لە لوبنان تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی (ساڵێك و 5 مانگ) درێژكرایەوە، چونكە پەرلەمانی ئەو وڵاتە شكستیخوارد لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، كە هاوكات لەو ساڵەدا پەرلەمانی كوردستانیش ساڵیكی تەمەنی خۆی درێژكردۆتەوە.
هەروەها لە فەلەستین و یەمەن و لیبیا و سوریاش هەڵبژاردن دواخراون بە ماوەی جیاواز كە هەنجەتەكان لە بازنەی یاسای هەڵبژاردن و هەمواری دەستوور و پەتای كۆرۆنا دا سوڕاونەتەوە.