Goran.jpg

داوا لە 5 پەرلەمانتاری گۆڕان دەكرێت كورسیەكانیان رادەست بكەنەوە

Oct 8, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

جەلال محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان داوا لەو 5 پەرلەمانتارەی حزبەكەی دەكات كە دژی بابەتی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانن، وەفیان هەبێت و كورسیەكانیان بدەنەوە.
جەلال محەمەد لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی، ژمارەیان 7 پەرلەمانتارە لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان و تەنها پابەندی بڕیارەكەی بزوتنەوەكە بوون، پێیوایە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی مرۆڤ وەفایە، ئەو لە فراكسیۆنێك و لە حزبێكەوە هاتووە دەبێت لایەنیكەم وەفای بۆ بڕیارەكانی ئەو حزبە هەبێت، ئەگەر خوانەخواستە غەڵەتیش بێت.
وتوشیەتی، بڕوای بەوە هەیە بڕیاری درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دروستە بۆ ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەكە، ئەگەر پەرلەمانتارێك قەناعەتی بە حزبەكەی نەبووە بۆچی خۆی لەناو ئەو حزبە هەڵبژاردووە، یان لانیكەم بۆ دەستبەرداری كورسیەكەی نابێت و بڵێت باوەڕی بەم حزبە نەماوە و ئەم كورسیەش لەو حزبەوە هێناویەتی و دەستبەرداری دەبێت و با كەسێكی تر بێتە جێگەكەی.
هەریەكە لە پەرلەمانتاران (عەلی حەمە ساڵح، شیرین ئەمین، ئاشنا عەبدوڵڵا، شایان عەسكەری و دابان محەمەد)، كە سەربە فراكسیۆنی گۆڕانن، دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانن، كە بڕیارە سبەینێ یەكشەممە 9/10/2022 پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پرسە كۆببێتەوە.

سه‌باره‌ت به‌ درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، ژمارەیەک رێکخراوى کۆمەڵى مەدەنى، کە لەناویاندا ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY) تێدایە جەختدەکەنەوە لەسەر پێویستى تۆمارکردنى سکاڵا لە دادگاى فیدراڵى لەدژى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بەهۆى "پێشێلکاریی یاسایی و دەستوریی" لە پرسی درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان.
رۆژى ٢٠٢٢/١٠/٥ پەرلەمانی کوردستان پێشنیازە یاسایەکی بە واژۆی (٨٥) ئەندام خستە بەرنامەی کارەوەو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرد، لەهەمان کاتدا خەسڵەتی بەپەلەی پێدا تا لە زووترین کاتدا پەسەند بکرێت، بەمەبەستى درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن.
دەقى راگەیەندراوەکە لێره‌ بخوێنه‌وه‌...