Parlaman.jpg

كاتى ده‌نگدان به‌ درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان دیاریكرا

Oct 7, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

پەرلەمان كوردستان دەنگ بە پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی خۆی دەدات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا ده‌قى پێشنیازه‌ یاساكه‌ ده‌خرێته‌ ده‌نگدان.
وا بڕیاره‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ دەنگ بە پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمان بدات.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ د. ڕێواس فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان دەكات بۆ دانیشتنی ژمارە (١١)ی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی چوارەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عیراق، لە كاتژمێر (١٠)ی بەیانیی ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٢٠٢٢/١٠/٩.

بەگوێرەی نووسراوێكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بێت، بەرنامەی كاری دانیشتنەكە دوو خاڵ لەخۆ دەگرێت:

یەكەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای (بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق)، بەپێی حوكمی ماددەكانی (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

دووەم: بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، بەپێی حوكمی ماددەكانی (٨٧، ٨٨، ٨٩، ٩٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
سه‌باره‌ت به‌ درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، ژمارەیەک رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى، کە لەناویاندا ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY) تێدایە جەختدەکەنەوە لەسەر پێویستى تۆمارکردنى سکاڵا لە دادگاى فیدراڵى لەدژى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بەهۆى "پێشێلکاریی یاسایی و دەستوریی" لە پرسی درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ یادداشتێكى ناڕه‌زاییان بڵاوكرده‌وه‌.