20parlamnta.jpg

20 په‌رله‌مانتار پڕۆژه‌یه‌ك بۆ کۆتاییهێنان بە خانەنشینی‌ 220 هه‌زار دیناری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن

Oct 5, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

20 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان پڕۆژه‌یه‌ك بۆ کۆتایهێنان بە خانەنشینی‌ 220 هه‌زار دیناری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ له‌ نزیكترین كاتدا بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان و په‌سه‌ندبكرێت، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت، "بۆ جێبەجێکردنی‌ ئەم یاسایە تەنها نزیکەی‌ 10ملیار دینار پێویستە".

به‌پێی نوسراوێك كه‌ واژۆی 20 په‌رله‌مانتاری كوردستانی له‌سه‌ره‌ و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كراوه‌، تیایدا هاتوه‌، "پاڵپشت به‌ بڕگه‌ی پێنجه‌م له‌ مادده‌ی 77ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان پێشنیازه‌ یاسای به‌ركاركردن و پیاده‌كردنی یاسای ژماره‌ 9ی ساڵی 2014 یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتو، له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌، داوا ده‌كه‌ین له‌ نزیكترین كاتدا بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان و په‌سه‌ندبكرێت.

عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان له‌ واڵى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك نوسیویه‌تى:
هەوڵێک بۆ کۆتایهێنان بە خانەنشینی‌ خراپی‌ هێزە سەربازییەکان‌و ناوخۆو مووچەی‌ خانەنشینی‌ (٢٢٠ هەزار) دینارى
بەمەبەستی‌ کۆتایهێنان بە جیاوازى زۆرى خانەنشینى شارستانی‌‌و خانەنشینی‌ سەربازی‌‌و هێزەکانی‌ ناوخۆ(پۆلیس‌و ئاسایش) و کۆتایهێنان بە خانەنشینى (٢٢٠ هەزار) دیناریى، بە واژۆی‌ (٢٠) پەرلەمانتار، پێشنیازە یاسای بەرکارو کارپێکردنی‌ یاسای‌ ژمارە (٩)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٤)، یاسای‌ خانەنشینی‌ یەکگرتووی‌ عێراقمان پێشکەش کرد.
لە ئێستەدا هەرێمی‌ کوردستان بە پێی‌ هەشت یاسا کار لەگەڵ پرسی‌ خانەنشینی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان دەکات، بە پێی‌ ئەو یاسایانە زۆرێک لە فەرمانبەرانی‌ شارستانی‌‌و سەربازی‌‌و هێزەکانی‌ ناوخۆ لە پۆلیس‌و ئاسایش، پاش زیاتر لە (٣٠ تا ٤٠) ساڵ خزمەت، تەنها بڕی‌ (٢٢٠,٠٠٠ تا ٣٠٠,٠٠٠) دینار مووچەیان بۆ دەمێنێتەوە کاتێک خانەنشین دەبن، ئەمە بێجگە لەوەی‌ یەکێک لە یاساکان کە یاسای ژمارە (٢٧)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٠٦)ی‌ عێراقە کە بێجگە لەوەی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان بەرکار نەکراوە، کە ئەمە سەرپێچی‌ یاساییە، تەنانەت لە بەغداش هەڵوەشاوەتەوە!
یاسای‌ خانەنشینی‌ یەکگرتوو، ژمارە (٩)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٤)، بێجگە لەوەی‌ هەموو چین‌و توێژەکان لە یەک یاسادا کۆ دەکاتەوە، دادگەرییەکی‌ باشیش لە مووچەی‌ خانەنشینیدا بەدیدەهێنێت‌و بەپێی‌ یاساکە هیچ مووچەیەکی‌ خانەنشینی‌ لە (٤٠٠,٠٠٠) دینار کەمتر نابێت، هەروەها ئاسانکاری‌ لە ئاڵوگۆڕی‌ سود لەنێوان کەرتی‌ تایبەت‌و کەرتی‌ گشتیدا دەکات، وە دۆخی‌ ژیانی‌ خانەنشینان‌و واریستەکانیان باش دەکات، هەروەها جیاوازی‌ نێوان مووچەی‌ خانەنشینی‌ پۆلێنە جیاوازەکانی‌ فەرمانبەری‌ شارستانی‌‌و سەربازی‌‌و باڵاو تایبەتدا کەم دەکاتەوە.
ماوەتەوە دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان‌و لایەنەکانی‌ دەسەڵات لە حکومەت، بە پێی‌ یاسا هاوکاربن بۆ کۆتایهێنان بەو دۆخە خراپەی‌ خانەنشینی‌ و بەرکارکردنى ئەم یاسایە، بەتایبەت کە ئێستە دۆخی‌ دارایی‌ باشەو بۆ جێبەجێکردنی‌ ئەم یاسایە تەنها نزیکەی‌ (دە ملیار دینار) پێویستە.