سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند ئەمڕۆ بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێی ئەو سیناریۆیانە دەکەن کە لەبەردەمیانن لە پاش درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، چەند سیناریۆیەکی یاساییان لەبەردەستدایە یەکێک لەوانە "دەستلەکارکێشانەوە و کشانەوەیە لە پەرلەمان."
رۆژی سێشەممە، 20-9-2022، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگهیاندووه، ئەمڕۆ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی دیکە کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنی ''بابەتی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان کە یەکێتی و پارتی کاری بۆ دەکەن''، هەروەها ئەو سیناریۆیانە باسدەکرێت کە لەبەردەمیاندایە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بڕیار لەبارەی یەکێکیان بدرێت.
سەبارەت بەو سیناریۆیانەی لەڕووی یاساییەوە لەبەردەمیاندا فەراهەمە، عەبدولستار مەجید گوتی: چەند سیناریۆیەکی یاساییان لەبەردەستدایە ئەوانیش ''دەستلەکارکێشانەوە و کشانەوە لە پەرلەمان، هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئەندامانی ئەو فراکسیۆنانە لە پەرلەمان، یان بەردەوامبوون لە کاری پەرلەمانتاری و مانەوە لە پەرلەمان لە ماوەی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانیشدا، دواتر بڕیار لە یەکێکیان دەدرێت."
رۆژی 06-11-2022 وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێدێت، دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی ئەم خولە لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2018 سوێندی یاساییان خوارد، بۆیە تەمەنی یاسایی ئەو خولە کەمتر لە دوو مانگی ماوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لایەنە سیاسییەکان لەبارەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی، یاسای هەڵبژاردن و وادەی هەڵبژاردن، ناکۆکن.
ژمارەی کورسیی ئەو فراکسیۆنانەی ئەمڕۆ دژی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانن 20 کورسی دەبێت کە ئەوەش رێژەی 18٪ـی کۆی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
ئەو فراکسیۆنانەی ئەمڕۆ کۆدەبنەوە ئەمانەن:
- فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 7 کورسی
- فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 5 کورسی
- پەرلەمانتارانی سەربەخۆ: 4 کورسی
- فراکسیۆنی ئازادی: 1 کورسی
- سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان
بۆ ههمان مهبهستیش د.شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە كهناڵهكهى راگهیاندووه، "دیارە یەکێتی و پارتی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانیان وەکو ئەمری واقیع سەپاندووە، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بزانین هەڵوێستمان چی بێت و چی بکەین بەرامبەر بەو واقیعەی هێناویانەتە پێشەوە و خۆی لە درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان دەبینێتەوە کە ئێمە دژین."
رۆژی 30ی ئەیلوولی 2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و رۆژی سێشەممە 30-10-2018 ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی پەسند کرد، رۆژی 06-11-2018 پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد.
بهپێى زانیارییۆهكانى رووداو بڕیاربوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە خاوەنی چوار کورسیی پەرلەمانییە لەگەڵ ئەو فراکسیۆنانە بێت، بەڵام پاشگەزبووەوە و ئەگەری هەیە بە تەنیا هەڵوێستی خۆی رابگەیێنێت.