Yakgrtw.jpg

فراكسیۆنی یەكگرتوو: جارێكی دیكە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكانی پەرلەمانی ڕاگرتەوە

Sep 19, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، جارێكی دیكە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكانی پەرلەمانی ڕاگرتەوە.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌ له‌ رۆژى 18/9/2022 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ تیایدا هاتووه‌: لە پاش تێپەڕبوونی (18) ڕۆژ بەسەر دەستپێكردنەوەی وەرزی پایزەی یاسادانان، پەرلەمانی كوردستان تەنها یەك دانیشتنی ئەنجامداوە".
ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌، لەگەڵ بوونی چەندین پرسی گرنگی وەك بابەتی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم و هەروەها هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو یاداشتانەی كە ئەندامانی پەرلەمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە لەسەر قەیرانەكان و پرسی خەڵك،کە تا ئێستا نەخراونەتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكان ، سەرۆكایەتی پەرلەمان خەریكە جارێكی تر دانیشتنەكانی پەرلەمان بەرەو پەكخستنەوە و بێ ڕۆڵ بوون دەبات.
له‌ كۆتایى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌: ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ناڕازین بەرامبەر وەستاندنی دانیشتنەكانی پەرلەمان و داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین هەرچی زوترە دەست بە دانیشتنەكانی پەرلەمان بكاتەوە و بەرنامەی دانیشتنەكانیش بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان و چارەسەركردنی قەیرانە كەلەكەبووەكان بێت.