dr-rywaz-leser-pay.jpg

سەرۆكی پەرلەمان یاسا پێشێل دەكات

Sep 3, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

لە رۆژی 3/9/2022 لە دیدارێكیدا لەگەل بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەلی مەدەنی، سەرۆكی پەرلەمان بەئاشكراو لەبەردەم میدیاكاندا رایگەیاند كە رێگری لە كار و چالاكییەكانی ئینستتیوتی پەی دەكات كە چاودێریی پەرلەمانی كوردستان بكەن، كاتێك نوێنەری رێكخراوەكەمان لە دانیشتنەكەدا پێی راگەیاند كە ئەم هەڵسوكەوتە پێچەوانەی یاسایە، بەلام سەرۆكی پەرلەمان چەند جارێك جەختی لەوە كردەوە كە رێگەتان پێنادەم بێنە ناوپەرلەمانەوە، ئەمە بەبێ ئەوەی هۆكارەكەیشی بۆ ئامادەبوان و میدیاكان روون بكاتەوە. ئەمە لەكاتێكدا مەبەست لە دانیشتنەكە تاوتوێكردنی رەوشی رێكخراوەكان و لابردنی كۆسپ و ئاستەنگەكان و راگرتنی پێشێلكارییە یاساییەكان بوو كە لەلایەن فەرمانگەی رێكخراوەكان و حكومەتەوە كراوەو دەكرێت، كەچی سەرۆكی پەرلەمان خۆی و بە وتەی خۆی پێشێلكاری یاسایی كرد بەبێ ئەوەی هیچ رێكخراوێك لە دانیشتنەكەدا هەڵوێستێكی هەبێت لەهەمبەر وتەكانی بەرێزیان. پرسیار ئەوەیە ئەگەر خودی سەرۆكی پەرلەمان خۆی پێشێلی یاسا بكات، ئەی چۆن دەتوانێت رێگری لە پێشێلكاریەكان حكومەت بكات!؟