Parlaman.jpg

لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سێ سکاڵا لە دژى پەرلەمانى کوردستان تۆمار دەکرێن

Sep 2, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

سێ سکاڵا لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە دژى پەرلەمانى کوردستان تۆمار دەکرێن، کە بڕیارە لە ٤-٩-٢٠٢٢ یەکەم دانیشتن لەبارەیانەوە بکرێن، دووان لەو سکاڵایانە بۆ هەڵوەشاندنەوەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستانە، سکاڵاکەى دیکەش لەبارەى هەموارنەکردنى ماددەیەکى تایبەتە بە یاساى باجى دەرامەتى عێراق.
بەگوێرەى خشتەى کارى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رۆژى ٤-٩-٢٠٢٢ تاوتوێى سێ سکاڵا دەکات کە هەرسێکیان لە دژى هەرێمی کوردستانن.
دوو سکاڵایان تایبەتن بە هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى ژمارە (٤)ى ساڵى ٢٠١٤ى پەرلەمانى کوردستان کە بۆ پێکهێنانى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمى کوردستانە کە لەلایەن سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق و چوار پەرلەمانتارى دیکەى ئەو فراکسیۆنە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراون و داواى هەڵوەشاندنەوەى یاساکە دەکەن بەپاساوى ئەوەى ئەو کۆمیسیۆنە نادەستوورییە.
د. سەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە كه‌ناڵى رووداوى راگه‌یاندووه‌،: "ئاگادار کراوینەتەوە لەبارەى ئەو دانیشتنەى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق و وەڵامى خۆمان لە بارەى ئەو سکاڵایانەوە ئاراستەى دادگە کردووە و ئەگەر دۆخى بەغداد ئاسایی بێت، ئامادەى دانیشتنەکە دەبین."
د. سەعدی مزوورى وتوشیه‌تى: "وەڵامى ئێمە بۆ ئەو سکاڵایە پشتیبەستووە بە ماددەکانى (١١٠)، (١١٧) و (١٢١) لە دەستوورى عێراق، بەوەى پێکهێنانى ئەو کۆمیسیۆنە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانى حکومەتى فیدراڵیدا نییە و بەوەش هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى پێکهێنانى ئەو کۆمیسیۆنەى هەیە."
ماددەى (١١٠)ى دەستوورى عێراق تایبەتە بە دەسەڵاتە تایبەتەکانى حکومەتى فیدڕاڵى و ماددەى (١١٧) دانى بە دەسەڵاتەکانى هەرێمى کوردستاندا ناوە، ئەوە لەکاتێکدایە لە ماددەى (١٢١) ماف بە هەرێمى کوردستان دراوە لە پەیڕەوکردنى دەسەڵاتەکانى یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى.
سکاڵاکەى دیکە لەلایەن کۆمپانیاى کۆڕەک تیلیکۆم تۆمارکراوە و لایەنەکانى سکاڵالێکراو بریتین لە وەزیرى دارایی عێراق، بەڕێوەبەرى گشتیى باجى عێراق و سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان.
لەو سکاڵایەدا کۆمپانیاکە داوا دەکات پەرلەمانى کوردستان ناچار بکرێت ماددەى (٥٥)ى یاساى باجى دەرامەتى ساڵى ١٩٨٢هەموار بکاتەوە.
ماددەى (٥٥)ى یاساى باجى دەرامەت رێگرى دەکات لە دادگەکان سکاڵاى یاسایی وەربگرن، کە تایبەت بن بە خەمڵاندنى باج و سەپاندنى بەگوێرەى یاساکە.
راوێژکارە یاساییەکەى پەرلەمانى کوردستان ئاشکرایکرد کە لە وەڵامەکانیاندا بۆ دادگەى باڵای فیدڕاڵى باسیان لەوە کردووە کە ئەو ماددەیە کارى پێناکرێت و هەڵوەشێندراوەتەوە