komel-dadgery.jpg

ڕاگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی بۆ ڕایگشتی

Aug 4, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

ئێمە لە فڕاکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی کوردستان، لە ڕووداوی خەڵاتکردنی بکوژی م.هوشیار ئیسماعیل لەلایەن وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیەوە، پێمانوایە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کەوتووەتە هەڵەیەکی گەورەوە لە سازدانی مەڕاسیمی ڕێزلێنان و خەڵاتکردنی تاوانبارێک کە سزای لە سێدارەدانی هەیە، ئەم هەڵس و کەوتەش پێچەوانەی بنەمای دادگەرییەو پێشێلکاریی تەواوی مافی کەس و کاری قوربانیەکەیە، بۆیە نەدەبوو وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بکەوێتە هەڵەیەکی لەمجۆرەوە کە لە کارو چالاکیەکانیدا ڕەچاوی بنەماو پڕەنسیپە یاسایی و کۆمەڵایەتیەکان نەکات و وێنەی ڕێزلێنان بۆ بکوژێک بڵاو بکاتەوە.
بۆیە لێرەوە داوا لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەکەین داوای لێبوردن لە کەس و کاری مامۆستا هوشیارو ڕایگشتی بکەن، هەروەها داواکارین سەرۆکایەتی هەرێم و دامەزراوەی پەیوەندیدار سزای لە سێدارەدان بەسەر ئەو تاوانبارەدا جێبەجێ بکەن کە بکەری تاوانێکی چەپەڵەو مامۆستایەکی بەڕێزو خزمەتکاری گەل و وڵاتی لە شاری هەولێر تیرۆر کرد، هەر ئەمەش لەگەڵ ڕووحی شەریعەت و بنەمای عەدالەتدا گونجاوە، هەروەها داواکارین وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی بەپێی چ یاسایەک زانکۆیەک ڕێگەی داوە ئەو تاوانبارە بخوێنێت، ئەنجامەکەشی بۆ ئێمەو ڕایگشتی بڵاو بکاتەوە.
خوای گەورە پلەی مامۆستا وشیار لە بەهەشتدا بەرز بکاتەوەو لەگەڵ شەهیداندا بیحەسێنێتەوە.
فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی لە پەرلەمانی کوردستان
٤ی ٨ی ٢٠٢٢