Abdlstar.jpg

عەبدولستار مەجید: حزب دەستی خستۆتە گەروی كاسبكارانی باشماخ

Feb 16, 2022  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایگەیاند، حزب دەستی خستۆتە گەروی كاسبكارانی مەرزی باشماخ و چەند نوسینگەیەكی تایبەت بە خۆیان داناوە لە مەرزەكە و كارمەندیان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ هێناوە.

عەبدولستار مەجید لە واڵى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك نوسیویەتی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەشێک لە كاسبكاران و خاوەن نوسینگەكانی گومرگ لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ كە باسیان لە پیلانێكی حزبی كردوە كە بووەتە هۆی بێكاربوونیان، بۆیان دەركەوتوە لە مەرزەكە نزیكەی 130 نوسینگەی گومرگ هەبووە بەڵام ئێستا حزب و كەسانی دەستڕۆیشتوی ناو حزب، هەستاون لە دەرەوەی ئەو نوسینگانە، نوسینگەی دیكەی گومرگیان كردووەتەوە و  هەر كاڵایەكیش كە هاوردە دەكرێت ئەگەر لەلایەن ئەم نوسینگە سێبەرانەی حزبەوە نەبێت، پشكنینەكەیان ڕەتدەكرێتەوە و كێشە بۆ هاوردەكردنی دروست دەكرێت .

اه‌ نوسینكه‌یدا ئه‌وه‌ش هاتووە: لە ئێستادا قاچاخچێتی و باری "فری" كە دەستڕۆیشتوەكانی حزبی لە پشتە، یەكێكی دیكەیە لە بێكاربوونی نوسینگەكانی گومرگ چونكە ئەم بارە قاچاخانە بێ پشكنین و بێ گومرگ هاوردە دەكرێن، بۆئەوەی هیچ كەس نەتوانێت دەستی بگاتە زانیاریی ئەو نوسینگە سێبەرانەی حزب، كارمەندیان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ هێناوە چونكە ئەوان لە دۆخی ناوخۆی هەرێم شارەزا نین و قسەش بۆ كەس ناكەن و ئەو پارەیەشی وەریدەگرن بۆ ئەوان زۆر دەكات .

له‌ كۆتایى نوسینه‌كه‌یدا وتویەتی: "ئەگەر شتێك بەناوی حكومەت"ەوە هەیە، ئەو دەروازە سنورییانە كۆنترۆڵ بكات، ناگونجێت ئیدیعای حكومەتداری بكەیت و شادەماری ئابوری خەڵك بەدەست حزب و شەخس و تاقم و گروپی ترەوە بێت .

ده‌قى نوسینه‌كه‌ى وه‌كخۆى:

حزب دەستی خستۆتە گەروی کاسبکارانی باشماخ

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەشێک لە کاسبکارانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، بەتایبەت خاوەن نوسینگەکانی گومرگ پەیوەندیان پێوەکردین و باسیان لە پیلانێکی حزب کرد کە بۆتە هۆی بێکاربوونیان .

دوای بەدواداچوونی سکاڵاکەیان، دەرکەوت لە باشماخ نزیکەی ١٣٠ نوسینگەی گومرگ هەبووە، کاتی خۆی بەڵێن لە خاوەنی ئەم نوسینگانە وەرگیراوە کە لەبەرامبەر مۆڵەتی کارکردندا، بۆیان نیە هەرگیز داوای دامەزراندن و کارکردن بکەن لە کەرتی گشتیی .

بەڵام ئێستا حزب و کەسانی دەستڕۆیشتوی ناو حزب، هەڵساون لە دەرەوەی ئەو نوسینگانە، نوسینگەی دیکەی گومرگیان کردۆتەوە و کارێکیشیان کردووە هەر نوسینگەیەکی خۆیان تایبەتکردووە بە گومرگی کاڵایەکی دیاریکراو و، هەر کاڵایەکیش کە هاوردە دەکرێت ئەگەر لەلایەن ئەم نوسینگە سێبەرانەی حزبەوە نەبێت، پشکنینەکەیان ڕەتدەکرێتەوە و کێشە بۆ هاوردەکردنی دروست دەکرێت .

جگە لەوەش قاچاخچێتی و باری (فری) کە دیسان حزب و دەستڕۆیشتوەکانی حزبی لە پشتە، یەکێکی دیکەیە لە بێکاربوونی نوسینگەکانی گومرگ چونکە ئەم بارە قاچاخانە بێ پشکنین و بێ گومرگ هاوردە دەکرێن .

بۆئەوەی هیچ کەس نەتوانێت دەستی بگاتە زانیاریی ئەو نوسینگە سێبەرانەی حزب، کارمەند و شاگردیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ هێناوە چونکە ئەوان لە دۆخی ناوخۆی هەرێم شارەزا نین و قسەش بۆ کەس ناکەن و ئەو پارەیەشی وەریدەگرن، بۆ ئەوان زۆر زۆر دەکات .

بۆیە "ئەگەر شتێک بەناوی حکومەت"ــەوە هەیە، ئەم دەروازە سنورییانە کۆنترۆڵ بکات، ناگونجێت ئیدیعای حکومەتداری بکەیت و شادەماری ئابوری خەڵک بەدەست حزب و شەخس و تاقم و گروپی ترەوە بێت .