dr-yusf--u-fexredin-1.jpg

ده‌قی راگه‌یاندراوی په‌رله‌مانی کوردستان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ( ٢٠١٦/١٠/١٩)

Oct 19, 2016  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

ده‌قی راگه‌یاندراوی په‌رله‌مان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆوه‌
 
دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ‌و سه‌رۆكی‌ 7 فراكسیۆن له‌ شاری‌ سلێمانی‌، راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

دوای‌ ساڵێك له‌ په‌كخستنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بۆ دانانی‌ میكانیزمێك له‌پێناو كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ، له‌گه‌ڵ حزبی‌ شیوعی‌ و بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ و فراكسیۆنی‌ ڕافیده‌ین، كۆبوه‌وه‌.

له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ راگه‌یاندنی په‌رله‌مان راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

راگەیاندنی کۆبونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی بەشێک لە فراکسیۆنەکان

ئەمڕۆ چوارشەممە بەرواری ١٩/١٠/٢٠١٦ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەڕێزان (د. یوسف محەمەد_ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شێخ فەخرەدین قادر_ سکرتێری پەرلەمانی کوردستان) لەگەڵ سەرۆکی بەشێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبویەوە کە پێکهاتبون لە بەڕێزان (برزۆ مەجید_ سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، بێگەرد تاڵەبانی_ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەبوبەکر هەڵەدنی_ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان، مەروان گەڵاڵی_ سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، لینا عزریا به‌هرام شابۆ_ سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین، د.شوان قەڵادزێی_ سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان و ئەبو کاروان_ سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی شیوعی کوردستان).
سەرەتای کۆبونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی گەلی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان گیانفیدایی و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی ئازادکردنەوەی موسڵدا بەرز نرخێندرا. سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان هیوایان خواست ئازادکردنی موسڵ بە ئاقاری بەهێزبونی پێگەی گەلی کوردستان و یەکلابونەوەی چارەنوسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بێت بەو شێوازەی کە لە دەستوری عێراقدا چارەسەر کراوە.
کۆبونەوەکە ئەو ئیرادە پەرلەمانییەی بە هەنگاوێکی گەورە زانی کە لەلایەن پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانەوە دەستی پێکردوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و لەم رەوەوە گفتوگۆی نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان بەردەوام دەبێت. کۆبونەوەکە داخواز بو کە حیزبە سیاسییەکانی پێکهێنەری پرۆسەی سیاسی هەرێم، هەرچی زوە هەوڵەکانیان زیاتر بخەنەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نالەبارەی کە گەلەکەمانی پیادا تێدەپەڕێت کە غیابی پەرلەمانی کوردستان کۆی کێشە سیاسی و ئابورییەکانی کەڵەکەتر کردوەو پێویستە بەگیانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە بە هەموان ئەم دۆخە تێپەڕێندرێت.

راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان
٢٠١٩/١٠/١٩
dr-yusf--u-fexredin-2