Hogr.jpg

لە بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت هێزێکی ئەمنی پەلاماری رۆژنامه‌نوسێكیاندا

Oct 8, 2021  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

لە بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت له‌ شارى سلێمانى هێزێکی ئەمنی پەلاماری (هۆگر کەمال) بەڕێوەبەری (جاڕ میدیا)یان دا

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 8/10/2021 كاژێر (8)ى بەیانی لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە بنکەی خوێندنگەی روناکی لە بەکرەجۆ کە تایبەت کراوە بە روماڵی رۆژنامەنووسان هێزە ئەمنییەکان پەلاماری رۆژنامەنووس (هۆگر کەمال) بەڕێوەبەی (جاڕ میدیا) یان دا.

 هۆگر کەمال، بەڕێوەبەری (جاڕ میدیا)، به‌ سایتى ئینستتیوتى په‌ى رایگەیاند: "لە کاتژمێری سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە بنکەی خوێندنگەی روناکی لە بەکرەجۆ وه‌ك هه‌ر رۆژنامه‌نوسێكى دیكه‌ روماڵی پرۆسەکەم دەکرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ لەکاتی رووماڵەکەدا پرسم بە پۆلیسی بەردەم دەرگاکە کرد کە لەسەر دیوارەکەوە ئەتوانم وێنە بگرم، ئەوانیش رێگەیان دام، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە کاتژمێری سەرەتادا پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوە ئەچوو زۆر قەرەباڵغ بوو هێزەکان لەناو خۆیان پاڵەپەستۆیان بوو بۆ چوونە ژورەوە".

هۆگر کەمال، ئاماژەی بەوەشدا "کاتێک کارەکەمم کرد و لەسەر دیوارەکە هاتمە خوارەوە دوو ئەفسەری لیوای پاراستنی سلێمانی و چەند پاسەوانێکیان پەلاماریان دام و مۆبایلەکەیان لێوەرگرتم و یەکێکیان قورگی گرتبووم ویستیان لێمبدەن، پۆلیسی بەردەم دەرگاکەش لەسەر من هاتە جواب و وتی خۆم ئیزنم داوە، بەڵام گوێیان لەویش نەگرتوو پەلاماریان دا".

بەڕێوەبەری جاڕ میدیا، له‌ كۆتایدا وتى: "ئەو هێزە دەنگدەر بوون نەک رێکخەری بنکەکە، ئەوان بەهەڵە تێگەشتبوون وایانزانی من لەسەر دیوارەوە هاتوومەتە ناو حەوشەکەوە لەکاتێکدا رۆشتنە ژورەوە بۆ رۆژنامەنووسان زۆر ئاسایی بوو، هاوکات ناسنامەی رۆژنامەوانی کۆمسیۆینیشم هەڵواسی بوو".

ئەمە لەکاتێکدایە کۆمسیۆن ئەو بنکەیەی تەرخانکردووە بۆ روماڵی رۆژنامەنووسان.

هۆگر کەمال ماوەی ١٧ ساڵە کاری رۆژنامەوانی دەکات و دەستەی دامەزرێنەری بەشێک لە میدیاکانی سلێمانی بووە و پێشتر وەک پەیامنێر و هەواڵساز لەچەند میدیایەک کاری کردووە و لەئێستادا بەڕێوەبەری (جاڕ میدیا)یە.