Qatar.jpg

قەتەر.. هیچ كاندیدێكی ژن نەیتوانی لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەماندا سەربكەوێت

Oct 4, 2021  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

بەپێی ئەنجامی كۆتایی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی قەتەر، هیچ كاندیدێكی ژن نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت، بەڵام پێدەچێت میری وڵاتەكە چەند كورسیەكیان بۆ تەرخان بكات.

رۆژی شەممە بۆ یەكەم جار لە مێژووی قەتەر هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەچوو، تیایدا 183 كەس كێبڕكێیان لەسەر بەدەستهێنان 30 كورسی پەرلەمان دەكرد.
بەپێی ئەنجامە كۆتاییەكانی هەڵبژاردن، ژنان كە 10%ی كاندیدەكانیان پێكدەهێنا نەیانتوانیوە هیچ كورسیەك مسۆگەر بكەن، بەڵام جیا لەو 30 كورسیەی بە هەڵبژاردنی یەكلا دەكرێتەوە، تەمیم بن حەمەد میری قەتەر دەتوانێت 15 كەس بۆ 15 كورسی دیكەی پەرلەمان دەستنیشان بكات و بە وتەی چاودێرانی سیاسی لەو وڵاتە پێدەچێت ناوبراو چەند كورسییەكیان بۆ ژنان تەرخان بكات.

 قەتەر وڵاتێكی بچوك و دەوڵەمەندی كەنداوە و پێشتر هەڵبژاردنی شارەوانیەكان و ئەنجومەنی شارەكان لەو وڵاتە بەڕێوەچووبوو.

 نزیكەی 90%ی دانیشتوانی قەتەر لە كۆچبەرانی بیانی پێكدێن، كە وەك هێزی كار روویان لەو وڵاتە كردووە و مافی دەنگدانیان نییە، لە ناو هاوڵاتیانی قەتەریش تەنها ئەوانەیان مافی دەنگدانیان هەیە، كە بنەماڵەكانیان لە پێش ساڵی 1930یەوە دانیشتووی ئەو وڵاتە بووبن.