دوای ئهوهى له میدیاكان ههواڵى بڵاوبوونەوەی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان بەمەبەستی ئەنجامدانی ساختەکاریی لەلایەن کاندید و لایەنە سیاسییەکانەوە بڵاوكرایهوه، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەم باریهوه رونكردنهوهیهكى راگهیاند.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە شارى بەغداد رایگهیاند: "ئەنجامدانی ساختەکاریی لەڕێگای بەکارهێنانی ئەو کارتانەی لەلایەن کەسان و قەوارە و لایەنە سیاسییەکانەوە کڕدراون ناکرێت، بەوپێیەی ناتوانرێت دەنگ بەهیچ کارتێک بدرێت تەنیا لەڕێگای وەرگرتنی سێ پەنجەمۆری کەسەکە خۆیەوە نەبێت".
پێشتریش (نیبراس ئەبو سۆدە) یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەکردبوو کە کڕینی کارتی دەنگدەران تاوانە و یاسا سزای زیندانیکردنی بۆ دەستنیشان کردووە، جگە لەوەی بەفیڕۆدانی پارەیە، چونکە کۆمیسیۆن لە رێگەی چەند ڕێکارێکەوە کارتی دەنگدانی پاراستووە، لەوانە دەبێ دەنگدەر لە رۆژی دەنگداندا کارتی بایۆمەتری و بەڵگەنامەیەکی دیکەی پێبێت وەک (کارتی نیشتیمانیی یان ناسنامەی باری شارستانی یاخود ڕەگەزنامەی عێراقی).