سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، رایگەیاند کە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی 10/10/2021 تەواوکراون.
جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتی: "کۆمیسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان تەواوکردووە لەوانە؛ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ناوی کاندیدان و ئەنجامدانی سێ تاقیکرنەوە بۆ ئامێرەکانی تایبەت بە دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی".
سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئاماژەی بەوەیش دا کە لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکان، ئامادەکارییەکانی بە ئامانجی پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان لە رۆژی دەنگداندا تەواوکردووە.
باسیشی لەوەشکرد، کە لەبەر چەند ھۆکارێک، ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو جیاوازترە و وتی: "کۆمیسیۆن پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان".
له كۆتایشدا وتى: "دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان لە ماوهى (90) خولەکدا، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانەوە دەگاتە نووسینگەی نیشتمانیی و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان لە ماوهى 24 کاتژمێردا رادەگەیەندرێت".