Dang.jpg

كۆمسیۆن: كارتی ده‌نگدان بەم نرخە نافرۆشرێت

Sep 21, 2021  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، باس لە كڕین و فرۆشتنی كارتی ده‌نگدان ده‌كات، كه‌ وابڕیاره‌ له‌ رۆژى 10/10/2021 بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.

عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "یەكێك لە ژنە كاندیدەكان دەستگیركرا لەسەر ئەو كارە و دوورخرایەوە، دیاردەی فرۆشتنی كارتی هەڵبژاردن هەیە، بەڵام بەو نرخانە نییە كە باس دەكرێت، كه‌ نرخه‌كه‌یان به‌ (200)  دۆلار یان زیاتر دیاریكردووه‌".

وتەی ئەندامەكەی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆن: "كاندیدەكان كاتێك لە پرسەكە تێگەیشتن و زانییان سود لە كڕینی كارتی ئەلیكترۆنی هەڵبژاردن نابینن، دیاردەكە ڕووی لە كەمبوونەوە كرد و ڕوویان لە كڕینی كارتی بایۆمیتری كرد".

پێشتر سەورە حەلەفی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندبوو، "هەندێك لە هێزە سیاسییەكان كارتی هەڵبژاردن دەكڕن و نرخی هەر كارتێكیش گەیشتۆتە (300) دۆلار، هەر كەسێكیش (300) دەنگ بۆ لایەنێكی سیاسی دەستەبەر بكات، وەك خەڵات ئۆتۆمبێلێك وەردەگرێت لەبەرامبەر هەوڵەكەی".