Dhok.jpg

كۆمسیۆن: 80 هەزار ئاوارەمان تۆمار كردووە

Sep 18, 2021  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

بەرپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێ، (15) هەزار كارتی دەنگدانی تایبەت بە ئاوارەكان، كە هەوڵ دەدرا كێشەیان بۆ دروست بكرێت، گوازراونەتەوە بۆ ناو كەمپی ئاوارەكان و دەست بە دابەشكردنی دەكەن بەسەر ئاوارەكاندا.

خالید عەباس، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاندووه‌: "لە سنووری پارێزگای دهۆك (80) هەزار ئاوارەمان لە بایۆمەتری تۆمار كردووە و دەنگی خۆیان دەدەن، كە (31)  بنكەی دەنگدان و (168)  وێستگەی دەنگدانمان بۆ كردوونەتەوە و دابەشكاریمان بۆ تەواوی ئاوارەكان كردووە لەنێو كەمپەكان و لە دەرەوەی كەمپەكانیش".

ناوبراو دەشڵێ: "ئاوارەكان رۆژی8/10/2021 لەگەڵ دەنگدانی تایبەت بە كارتی بایۆمەتری دەنگ دەدەن و كارتەكانیشیان وەردەگیرێتەوە، چونكە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا كێشە هەبوو، بۆیە كۆمسیۆن پێی باش بوو ببێتە دەنگدانی تایبەت و كارمەندی پلە یەك چاودێری بكەن".

عەباس روونیشی كردەوە: "لەو (80) هەزار ئاوارەیەی لە سنووری پارێزگای دهۆكن، (15) هەزار كارتی تری دەنگدانیان نەگەیشتبوو و هەوڵی دروستكردنی كێشە بۆ ئەو كارتانە دەدرا، بەڵام دوای فشاركردن لە بەغدا و بە هەوڵێكی زۆر توانیمان ئەو كارتانە بێنینە دهۆك و خۆمان دابەشیان بكەین، ئێستاش تیممان پێكهێناوە و لە (16) كەمپ دەست بە دابەشكردنیان دەكەین".

بەرپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژەشی دا: "لە بەغدا هەوڵ دەدرا لەلایەن كۆمسیۆنی پارێزگاكانی تری عێراقەوە سەرپەرشتیی كەمپەكان و دەنگی ئاوارەكان بكرێت و كێشە دروست بكەن، بەڵام زۆر رێگریمان كردووە و دوای هەوڵی بەردەوام و فشار، ئێستا بە ئێمەیان ڕاگەیاند كە وەكو ئۆفیسی دهۆك سەرپەرشتیی دەنگدانەكە بكەین و ئێمەش كارمەندی خۆمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی دەنگەكانیان نەفەوتێت و كێشە دروست نەبێت، چونكە ئێستاش هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی كێشە بۆ ئەو دەنگانە دروست بكرێت، بۆیە كاری تەواومان كردووە و رۆژی دەنگدانیش ڕاستەوخۆ خۆم سەرپەرشتیی دەكەم، بۆ ئەوەی ئەمجارە هیچ كێشەیەك بۆ دەنگدانی ئاوارەكان دروست نەبێت".