Amanj.jpg

ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆن: تائێستا هیچ سكاڵایەك تۆمار نەكراوە

Sep 16, 2021  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت: لەگەڵ لیژنەی ئەمنی پارێزگاكە كۆبوونەوە و باس لەوەشدەكات، تائێستا هیچ سكاڵایەكی هاوڵاتیان، لایەنەكان و كاندیدەكان لە پارێزگاكە تۆمار نەكراوە.
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی لیژنەی ئەمنی پارێزگا لەگەڵ ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبوەوە.
وتیشی: لەكۆبونەوەكەدا پێداویستییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەماهەنگی زیاتری كۆمسیۆن لەگەڵ فەرمانگەكانی پەروەردە، كارەبا، تەندروستی و هێزە ئەمنییەكان تاوتوێ كران.
ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستا بانگەشەی هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەكی ئارام بەڕێوەدەچێت و هیچ سكاڵایەكی هاووڵاتیان، لایەنەكان و كاندیدەكان لە  ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمارنەكراوە.