Narwich.jpg

نەرویج، بۆ یەکەمجار لەمێژوودا دوو کورد بوونە ئەندامی پەرلەمان

Sep 14, 2021  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

لەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج بۆ ساڵەکانی 2021ـ 2025 دوای سێ کاتژمێر لەدوای وادەی دەنگدان ڕاگەیندران. دوای ژماردنی لە 99%ی  دەنگەکان، دەرکەوت کە بەرەی چەپ بە ڕابەری پارتی کرێکارانی نەرویج، زۆرینەی ڕەهای کورسییەکانی پەرلەمانی بردوەتەوە لەکۆی 169 کورسی پەرلەمان، 100 کورسی بەدەست هێناوە، هاوکات بۆ یەکەمجار لەمێژووی نەرویجدا دوو کورد بوونە ئەندامی پەرلەمان.
سەرکەوتنی بەرەی چەپ و بەدەستهێنانی ئەو رێژە کورسییە، کۆتایی بە دەسەڵاتی حوکمداری 8 ساڵەی بەرەی ڕاست هێنا، ڕێژەی بەشداری دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتوەتە 76.6%، هەروەها بە پێی ڕیزبەندی کاندیدی پارتە سیاسییەکان بۆ پەرلەمان، هەریەک لە (مانی حسێنی) کاندیدی پارتی کرێکارانی نەرویج و (سەحەڕ ئایدار) کاندیدی پارتی سوور دەنگی پێویستیان بەدەست هێناوە و وەک دوو کورد بوونەتە ئەندامی پەرلەمان.
مانی حسێنی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و پێشتر سەرۆکی گەنجانی پارتی کرێکارانی نەرویج بووە. لەڕیزبەندی  25 کاندیدی هەرێمی ئەکەرشوس، پێنجەمین کاندید بوو.
هەروەها سەحەر ئایدار کوردی باکوری کوردستانە. پێشتر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی گەنجانی پارتی سوور بووە. کاندیدی ژمارە دووی هەرێمی ئۆسلۆ بوو. پارتەکەی سەحەر یەکێک لەبراوەترین پارتەکانی ئەم هەڵبژاردنەیە، چونکە پێشتر پارتی سوور یەک کورسی پەرلەمانیان هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا توانیویانە هەشت کورسی بە دەست بهێنن.
بەشێک لەکوردانی نیشتەجێی  نەرویج دەڵێن، سەرکەوتنی دوو کورد بۆ پەرلەمان، وەک دوو نوێنەری گەلی نەرویج، واتای گەورە و بەنرخی بۆ نەرویج و بۆ کوردان هەیە. چونکە سەرکەوتنی سەحەر و مانی بۆ پەرلەمان، ئاماژەی هوشیاری و دیموکراتخوازی کوردانی نەرویج  و تێکەڵبوونیانە بەکۆمەڵگا نەرویجی.