Halbzhardn.jpg

راپرسییەک: تەنیا 29٪ی بەشداربووان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بەشداردەبن

Sep 13, 2021  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

راپرسییەکی نوێ دەریدەخات کە 57٪ی بەشداربووانی راپرسییەکە رەتیدەکەنەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی مانگی داهاتووی عێراقدا بەشداری بکەن و 83٪ی بەشداربووانیش لە رۆڵی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و تیمەکەی لە چاودێریکردنی قۆناخەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن رازی نین. 

 سەنتەری کولوازیی عێراق راپرسییەکی ئەنجامداوە و بە گوێرەی راپرسییەکەش، 57٪ی بەشداربووانی رایانگەیاندووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا ناکەن، 29٪ی رایانگەیاندووە لە پڕۆسەکە بەشداردەبن و 14٪ـەکەی دیکەشیان گوتوویانە کە "لەوانەیە" بەشدار بن. 

 راپرسییەکە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدراوە و پرسیار لە 3600 کەس کراوە؛ 2520 کەسیان کوڕ و پیاو و 1080 کەسەکەی دیکەشیان کچ و ژن بوون. 

 راپرسییەکە لە رۆژانی 5-6-2021 تاوەکو 14-8-2021 ئەنجامدراوە و دابەشبوونی ئەو کەسانەش کە پرسیاریان لێکراوە بەم جۆرەیە: 43٪یان تەمەنیان لەنێوان 18 تاوەکو 34 ساڵدایە، 24٪یان تەمەنیان لەنێوان 35 تاوەکو 44 ساڵدایە، 15٪یان تەمەنیان لەنێوان 45 تاوەکو 54 ساڵدایە و 18٪ـەکەی دیکەشیان تەمەنیان لەسەروو 55 ساڵەوەیە. 

 بابەتێکی سەرەکی کە پرسیاری لەسەر کراوە پەیوەندی بە ئەگەری ساختەکارییەوە لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە. پرسیار کراوە کە "پێت وایە هەبوونی چاودێری نێودەوڵەتی دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەدا؟" لە وەڵامدا 82٪ی بەشداربووان بە "نەخێر"، 12٪ بە "بەڵێ" و 6٪یش بە "لەوانەیە" وەڵامیان داوەتەوە. 

 هەر سەبارەت بە هەمان بابەت، پرسیار کراوە کە ئایا هەژمارکردنی ئەلیکترۆنیی دەنگەکان دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکەدا؟ لە وەڵامدا 74٪ی بەشداربووان بە "نەخێر"، 21٪یان بە "بەڵێ" و 5٪ـەکەی دیکەشیان بە "لەوانەیە" وەڵامیان داوەتەوە. 

 پرسیار لە بەشداربووانی راپرسییەکە کراوە کە ئایا پێویست بوو لەگەڵ کۆمپانیایەک قسەبکرایە بۆئەوەی تێستی ژماردنی دەنگەکانی بەشێوەی ئەلیکترۆنی بکردایە، پێش ئەوەی رەزامەندی لەسەر ئەو جۆرە هەژمارکردنە بدرێت؟"، 81٪ بە "بەڵێ"، 11٪ بە "نەخێر" و 8٪ بە "لەوانەیە" وەڵامیان داوەتەوە. 

 لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا "پاڵپشتی لە جیاکردنەوەی بەدەستی دەنگەکان دەکەیت، جگە لە هەژماری ئەلیکترۆنی؟"، وەڵامی 68٪ی بەشداربووان بە "بەڵێ"، 21٪ یان بە "نەخێر" و 11٪ەکەی دیکەش بە "لەوانەیە" بووە. 

 پرسیار کراوە کە "ئایا بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنیی کاتی دەبێتەهۆی ساختەکاری؟" لە وەڵامدا 83٪ی بەشداربووان گوتوویانە "بەڵێ"، 12٪ گوتوویانە "نەخێر" و 5٪ەکەی دیکەش گوتوویانە "لەوانەیە". 

 لە وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە "ئایا لە رۆڵی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و تیمەکەی لە چاودێریکردنی قۆناخەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن رازیت؟" 83٪ گوتوویانە "نەخێر"، 11٪ گوتوویانە "بەڵێ" و 6٪ەکەی دیکە گوتوویانە "لەوانەیە". 

 ئەم راپرسییە لە کاتێکدایە، رۆژی 10ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پڕکردنەوەی 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.