بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ساڵنامەی خوێندنی ساڵی 2021-2022 نابێت و خوێندن لەکاتی خۆی و لە 14/9/2021 دەستپێدەکات، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش رایدەگەیەنێت بڕیاری دواخستنی خوێندن نییە.
سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان به میدیاكانى راگەیاند: "هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە 10/10/2021 ئهنجام بدرێت هیچ کاریگەری لەسەر دەستپێکردنی خوێندنی قوتابخانە و باخچەکانی ساوایان لە وادەی خۆی کە 14/9یە نابێت و ئەنجوومەنی باڵای وەزارەت پێشتر ئەو وادەیەی بۆ دەستپێکردنی دەوام پەسەندکردووە و خوێندن دواناخرێت".
سەیوان عەلی گوتیشی: "14/9 بە بەشداریی نزیکەی 1 ملیۆن و 780 هەزار خوێندكار و قوتابی و نزیکەی 160 هەزار مامۆستا و وانەبێژ خوێندنی ساڵی 2021-2022 دەستپێدەکات".
بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر داهاتوو هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبەشداریی زیاتر لە 3 هەزار بەربژێر کە رکابەرایەتی لەسەر بەدەستهێنانی 329 کورسی دەکەن، بەڕێوەبچێت. دەنگۆی ئەوە هەیە دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانە و زانکۆکانی عێراق بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێت.
ههر بۆ ئهم مهبهسته رۆژی چوارشەمە 18/8/2021 ئەنجوومەنى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبووەوە و بڕیاریدا پڕۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە 1ی ئەیلوول بەدواوە بەپێى ساڵنامەی زانکۆیی، زانکۆکان، بە پلان و بەرنامەی گونجاو دەستپێدەکاتەوە، بەشێوەیەک پڕۆسەى خوێندن لەناو هۆڵەکانى خوێندن واتە ناو کەمپەس دەبێت، بە مەرجێک بارودۆخى تەندروستى بەرەو خراپى نەچێت به رەچاوکردنى مەرج و رێنماییە تەندروستییەکانیش.
عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بۆ ئهم مهبهسته بۆ میدیاكان وتى: "خوێندن لە هەندێک لەزانکۆکان دەستیپێکردووە و بڕیارە لەبەشێکی دیکەیان بەمنزیکانە دەستپێبکات و هیچ بڕیارێک بۆ دواخستنی خوێندنی زانکۆکان نییە".