komel.jpg

ڕاگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی

Apr 24, 2021  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

لە پەرلەمانی کوردستان"دەسەڵات خەریکی هەڵوەشاندنی خێزان و ڕووخاندنی کۆمەڵگەیە"
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

چەند ڕۆژێکە شارەکانی هەرێمی کوردستان نوقمی ڕووداوی ناخۆش و دڵتەزێنە، لە کوشتن و خۆکوشتنەوە بیگرە تا سوکایەتی بە قورئان و شکاندنی سنورەکانی ئادابی گشتیی کۆمەڵگە ! بەرپرسیاری سەرەکی زیادبوونی ڕێژەی تاوان لە کۆمەڵگەدا تەنها دەسەڵات و حکومەتە، ئەمە حاڵەتێکی گشتییە بۆ هەموو وڵات و میللەتێک . جا ئەگەر تایبەتی بکەینەوە بە هەرێمی کوردستان ئەوە چاکتر واقیعەکە دەزانین و تێدەگەین کە دەسەڵاتێکی گەندەڵی ستەمکار کە خەمی ئەوەڵ و ئەخیری برسیکردنی خەڵک و تێرکردنی ورگ و پڕکردنی گیرفانی خۆیانە، چۆن خەریکی ڕووخاندنی بناغەی خێزان و لە ڕێی خێزانیشەوە لەبەریەکهەڵوەشانی کۆمەڵگەیە ! دوو شت دەبنە هۆی ئەوەی دەسەڵات سڵ لە ئەنجامدانی تاوان بکاتەوە و بەسۆز و بەزەیی بێت بەرامبەر خەڵکی خۆی ئەویش (دین و ویژدان)ـە ! ئەو هەموو تاوانی کوشتن و خۆکوشتنەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا تۆمارکران و ئەو بێباکی و خەمساردی و پشتگوێخستنەی دەسەڵاتیش لەبەرامبەریدا پێمان دەڵێت "ئێمە دەسەڵات و دەسەڵاتدارێکمان هەیە کە هیچ ویژدانێکی ئینسانییەتی نەماوە و خۆی و حاشیەکەی سەلامەت بن، کۆمەڵگە ئاو بیبا و ئاگر بیسوتێنێت هیچ خەمی نیە و ڕەنگە بە بەرژەوەندی خۆشی بزانێت" .دڕاندنی قورئان لە هەولێر کە ئەوپەڕی دەستدرێژی و سوکایەتییە بۆسەر پیرۆزترینی پیرۆزییەکانی میللەتی مسوڵمانی ئێمە لە هەولێر و، خۆڕوتکردنەوە و سەماکردنی دوو موراهیقی پەروەردەنەکراو لەبەرچاوی خەڵک و لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و لە قەرەباڵغترینی شوێنی شار، ئاماژەیە بۆئەوەی کە ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ بێویژدانییەکەی، بە پلان و پیلان لە هەوڵی بریندارکردنی شعوری مسوڵمانان و شکاندنی ئەو سنورانەیە کە خوای گەورە قەدەغەی کردوون ! هەریەک لەم دوو سیفاتە بنەمای ستەمکارین و سوننەتی خوای گەورەش وایە کە ئیدامە بە دەسەڵاتێک نادات کە ستەمکار بێت ئەگەرچی دەسەڵاتێکی ئیسلامییش بێت !

فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی
٢٤ ی نیسانی ٢٠٢١ هەولێر