سه‌عات ١١ى پێشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢١/٣/١٦، به‌سه‌رۆكایه‌تی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی ژماره (٤)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه وه‌زیرانی (ناوخۆ، پلاندانان، رۆشنبیرى و لاوان، شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان، بازرگانی و پیشه‌سازى)و بریكارى وه‌زاره‌تی كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه ئاماده‌یبوون.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خوا‌و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه كه‌بریتی بوو له‌خستنه‌ڕووی كێشەو گرفتەكانی پارێزگای هەڵەبجە بەمەبەستی چارەسەركردنیان، بەئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٦٦) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، هه‌روه‌ها پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانیشی خوێنده‌وه.
سه‌عات (١١:٠٥) یش بۆ رێزلێنان له‌ڕۆحی به‌رزه‌فڕی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواى له‌ئاماده‌بووان كرد پێنج خوله‌ك به‌بێده‌نگی بوه‌ستن، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه وته‌یه‌كی كورتی پێشكه‌شكرد و تیایدا وێڕای به‌خێرهێنانى وه‌زیرانی حكومه‌تى هه‌رێم و ستافى یاوه‌ریان و ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریى خۆى و په‌رله‌مانی كوردستان بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنیان بۆ داواكه‌یان به‌ئاماده‌بوونیان له‌و دانیشتنه‌دا، ئاماژه‌ی به‌گرنگیی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه كرد.
پاشان راپۆرتی هه‌ریه‌ك له لیژنه‌كانی (كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، رۆشنبیرى و کۆمەڵگەی مەدەنی و وه‌رزش و لاوان، لیژنه‌ى شاره‌وانى و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار)، له‌لایه‌ن سه‌رۆكى لیژنه‌كانه‌وه خوێندرانه‌وه و تیایاندا باسیان له‌كێشه‌و گرفته‌كانی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه كرد له‌و بوارانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به‌لیژنه‌كانیانه‌وه له‌ڕووى خزمه‌تكردن به‌كه‌سوكارى شه‌هیدان و قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه و به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌و كاره‌ساته له‌دادگای نێوده‌وڵه‌تی و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى مادى و مه‌عنه‌وییان و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریى پێویست له‌بواره‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و وه‌به‌رهێنان و گه‌شتوگوزارو رۆشنبیرى و وه‌زرش و ره‌خساندنی هه‌لى كار بۆ گه‌نجان و دامه‌زراندنی ده‌رچووانى شاره‌كه‌و چه‌ندین خزمه‌تگوزاریى تر‌ى پێویست بۆ بووژاندنه‌وه‌ى ژێرخانی ئابووریى پارێزگاكه.
دواتر ٨٢ په‌رله‌مانتار له‌سه‌رجه‌م فراكسیۆنه جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان، سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشى پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه كرد‌و ئاما‌ژه‌یان به‌وه‌دا كه له‌ئاست قوربانیدانی ئه‌و پارێزگایه‌دا نین و جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه پێویسته حكومه‌ت گرنگیی زیاتر به‌و پارێزگایه بدات، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌شیان خسته‌ڕوو كه له‌پارێزگاكه‌دا هه‌یه و جه‌ختیشیان له‌سه‌ر پێویستیی خزمه‌تكردنی زیاتر به‌كه‌سوكارو قوربانیانی كاره‌ساتى كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان له‌ڕووی مادى و مه‌عنه‌وى كرده‌وه.
هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌دا له‌لایه‌ن د.گه‌لاوێژ عوبێد ئه‌ندامى لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستی و ژینگه، توێژینه‌ویه‌ك سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی ته‌ندروستی و ژینگه‌یى پشارى هه‌ڵه‌بجه دوای كیمیابارانكردنى له‌ئێستادا به‌وه‌ى كه‌ئایا ژینگه‌ی شاره‌كه و ئه‌و به‌رووبوومه كشتوكاڵی و خۆراكییانه‌ی كه‌لناوچه‌كه‌دا هه‌ن گونجاون بۆ ژیان، له‌توێژینه‌وه‌كه‌یاندا بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه هیچ مه‌ترسییه‌كانیان له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكى شاره‌كه نییه.
له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زیرانى ئاماده‌بوو و ستافی یاوه‌ریان له‌دانیشتنه‌كه، وێڕای خستنه‌ڕووی ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر راپۆرتی هه‌رسێ لیژنه‌كه و سه‌رنج و تێبینییه‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و پرسیارانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه سه‌باره‌ت به‌و كار و ئه‌ركانه‌ى كه‌په‌یوه‌ستن به هه‌ریه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانیان، باسیان له‌پڕۆژه به‌رده‌وامه‌كان و پڕۆژه پێشنیازكراوه‌كانى پارێزگای هه‌ڵه‌بجه كرد، كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه بودجه‌یان بۆ ته‌رخانكراوه‌و به‌نیازن له‌داهاتوودا ئه‌نجامیان بده‌ن و هه‌روه‌ها باسیشیان له‌و پڕۆژه‌و كارانه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانیان بۆ خزمه‌تكردن به‌و پارێزگایه كرد و جه‌ختیشیان له‌وه كرده‌وه ئه‌وه‌ى له‌توانایاندا بێت بۆ خزمه‌تكردن به‌و پارێزگایه درێغیی لێناكه‌ن و به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى ده‌زانن.
له‌كۆتاییدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، داواى له‌و هه‌رسێ لیژنه‌یه كرد كه له‌دانیشتنه‌كه‌دا راپۆرتیان پێشكه‌شكرد، راسپارده‌كانیان یه‌كبخه‌ن و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی بكه‌ن، به‌مجۆره كۆتایى به‌دانیشتنه‌كه هێنا.