mem-burhan.jpg

راگەیاندراوێك لە پەرلەمانتار “مەم بورهان قانع”ەوە

Jan 11, 2020  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

سبەینێ‌ (12/ 1/ 2020) خوێندنەوەی دوەم بۆ پڕۆژە یاسای “چاكسازیی لە خانەنشینیی موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە”دا دەكرێت و رەنگە ئەم دانیشتنەی پەرلەمان، درێژترین دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان بێت و زۆرترین قسە و بۆچونی جیاوازی لێبكەوێتەوە.

بۆ ئەوەی چاكسازیی راستەقینە سەرجەم جومگەكانی حكومڕانیی لە هەرێمی كوردستان دا بگرێتەوە، دەبێت بۆ وەرزی بەهارەی ئەمساڵ، حكومەتی هەرێم بە هەمئاهەنگیی پەرلەمان، ئەم هەنگاوەی چاكسازیی تەواوبكات (كە ئەمەی سبەینێ‌ رەنگە كەمتر 20%ی چاكسازیی راستەقینە بێت، ئەگەر جێگای ئەو تێبینییانەی تێدا كرایەوە كە بۆ خزمەتی گشتین) و دەبێت چاكسازیی لە داهاتەكانی نەوت و خاڵە سنورییەكان و داهاتەكانی ناوخۆدا بكرێت، سەرەڕای ئەو سەدان تانكەر نەوتەی رۆژانە بە قاچاخ دەفرۆشرێن و داهاتەكانیان دیارنییە، نەك كێشەكان لە موچەی توێژێكی دیاریكراودا كورتبكرێنەوە و بە ئانقەست لە توێژێكی دیاریكراو بدرێت و رایگشتیی كوردستان بەلارێداببرێت.

دەبێت یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2015/ یاسای سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتیی و گازییەكان” وەكو خۆی جێبەجێبكرێت و شەفافییەت لەو داهاتە بێشومارەدا بكرێت، ئەمەیش لەرێی پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانییەوە بەناوی “چاودێریی داهاتەكان”، كە لە نوێنەرانی تەواوی فراكسیۆنەكان پێكبێت و زامنی ئەوپەڕی شەفافییەت بكات لە داهاتی نەوت دا و ئەوكات دەتوانین بڵێین “چاكسازیی”ی راستەقینە لە هەرێمی كوردستان دا دروستبوە