11-7-2019.jpg

وتاری د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

Jul 11, 2019  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

د.رێواز فایه‌ق له‌وته‌یه‌كیدا به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌دانیشتنی ژماره‌ ١٤ى ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ ٢٠١٩/٧/١١ به‌ڕێوه‌چوو رایگه‌یاند: "رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكومه‌ت ‌و كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم هه‌نگاوى گرنگن به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌‌و قه‌یرانه‌كان و جێبه‌جێكردنى داخوازییه‌كانى خه‌ڵك".
ئه‌مه‌ش ده‌قى وته‌كه‌یه‌:
به‌ناوى خواى به‌خشنده‌ و میهره‌بان
خوشك و برایانى به‌ڕێز..... ئه‌ندامانى په‌رله‌مان
كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان .... كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان
سه‌ره‌تا سوپاسی بێپایانى خۆم ئاراسته‌ى ئێوه‌ى به‌ڕێزو له‌رێگه‌ى ئێوه‌شه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان و كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م، بۆ ئه‌و بڕواو متمانه‌یه‌ى ئه‌مرۆ به‌ئێمه‌تان به‌خشی.
هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ زۆر زۆر سوپاسی خوشكى ئازیزمان د.ڤالا ئه‌كه‌م كه‌ به‌ هاوكاریى هه‌ردوو به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێر توانییان له‌ قۆناغێكی راگوزه‌رى هه‌ستیاردا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌ن.
له‌م ئه‌ركه‌ نوێیه‌دا كه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كى گه‌وره‌ ‌و مێژوویی ده‌خاته‌ سه‌رشانمان، دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوكارانم له‌ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ى فاكته‌رى به‌هێزكردنى پێكه‌وه‌ژیان ‌و گیانى پێكه‌وه‌كاركردن بین، بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى قه‌یرانه‌ سیاسی و دارایی و ئابوورییه‌كانى كه‌ له‌ چه‌ند ساڵى رابردوو باڵی به‌سه‌ر هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان فراكسیۆنه‌كان ‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان كێشابوو.
رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكومه‌تى هه‌رێم ‌و كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم هه‌نگاوى گرنگن به‌ره‌و ده‌ستپێكردنى قۆناغێكى نوێى پێكه‌وه‌كاركردنى فراكسیۆن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌‌و قه‌یرانه‌كان و جێبه‌جێكردنى داخوازییه‌كانى خه‌ڵك.
وه‌ك سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان هه‌وڵده‌ده‌ین نوێنه‌رى هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان بین، چه‌ترى كۆكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مان ده‌بین بۆئه‌وه‌ى په‌رله‌مان وه‌ك مه‌رجه‌عی بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كانى گه‌لى كوردستان رۆلى كاراى خۆى له‌پرۆسه‌ی داڕشتنی یاساو چاودێریى حكومه‌ت و به‌دواداچون بۆ جێبه‌جێكردنى یاساكان و په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى ساڵانه‌ى هه‌رێم .
به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تیى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى كارێكى گرنگ و پێویستى ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ى پێكه‌وه‌كاركردنمان ده‌بێ له‌پێناو سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ته‌شریعی قانون و به‌رقه‌راركردنى سه‌روه‌ریى یاساو دابینكردنى دادپه‌روه‌ریى كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و دابینكردنى شه‌فافیه‌ت.
دواى تێپه‌ڕبوونى 10 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژادرنه‌كان ئێستا خه‌ڵكى كوردستان چاوه‌ڕێی هه‌نگاوى كرده‌یی له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ى كێشه‌كانی خه‌ڵك ‌و پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئاستى خزمه‌تگوزارى له‌سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كان به‌رزبكه‌نه‌وه‌و ده‌رفه‌تى كار و دامه‌زراندن به‌ڕووى گه‌نجان و ده‌رچووانى زانكۆكان له‌ كه‌رتى گشتى و تایبه‌ت زیاتر بكرێته‌وه‌.
له‌كۆتایییدا جارێكى تر سوپاسی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و بڕواو متمانه‌یه‌ی به‌ئێمه‌تان به‌خشی، دواى كۆتاییهاتنى پشووى دانیشتنه‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى وه‌رزى نوێی یاسادانان به‌پشتیوانیى خواو هه‌ماهه‌نگیى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان كارده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ى له‌ئاست خواست و چاوه‌ڕوانییه‌كانى ئێوه‌ و كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بین.