newey-nwy.jpg

چوار ئەندام پەرلەمان لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

Apr 22, 2019  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

 

فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان  لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ناوى چوار پەرلەمانتارى فراکسیۆنەکەى تێدایە ئاماژەیان بەوەکردووە، "راگەیاندنەکەی ئەنجومەنی باڵای (نەوەی نوێ) و فراکسیۆنی (نەوەی نوێ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رووناکی خستووەتە سەر کێشە و بابەتی گرنگ و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "لە ململانێ سیاسییەکانی کوردستاندا، رویداوە دەزگا جاسووسییەکان پەنا بۆ ناوزڕاندن و ئابڕوبردن و درۆ و بوختان دەبەن، بەڵام جێگای داخە خەلکانێک کە خۆیان بە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن بزانن، پەنابەرنە بەر تەخوین و ناوزڕاندن و دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقیی بێبنەما بۆ کەسە نزیکەکانی خۆیان."

لەبەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى ئەو چوار پەرلەمانتارە کە بەناوى فراکسیۆنى نەوەى نوێ بڵاویانکردووەتەوە باسیان لەوەشکردووە، " ئێمە ھەمووان دڵنیادەکەینەوە فراکسیۆنەکەمان یەکدەست و یەکگرتووە و لە چوار ساڵی داهاتودا، بەردەوامدەبین لە خەباتی پەرلەمانیی و دژی گەندەڵیی و بێدادیی دەوەستینەوە و وەك ھەمیشە فراکسیۆنێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئازا و بوێر دەبین."

ئەو چوار پەرلەمانتارەى نەوەى نوێ بریتین لە هەریەک لە شادی نەوزاد، کاوە عەبدولقادر، سیروان بابان، مەم بورهان قانع.

پێشتر ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ڕاگەیەندراوێکى لەسەر نیگەرانییەکانی فراکسیۆنەکەى لە پەرلەمانى عێراق بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و ڕوونیکردووەتەوە، جگە لەم  ڕاگەیەندراوە  هیچ ڕاگەیەندراو و نوسراوێک لە ئەنجومەنەکەوە دەرنەچووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە  ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتییان لە بەرامبەر سەرکردایەتیی جوڵانەوەکە دەربڕیوە بەبێ ئەوەی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنەکەی تێدابێت.