010319081600-380x214.jpg

دروستبوونی ئاڵۆزى لە ناو هۆڵى پەرلەمانى کوردستان

Mar 12, 2019  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

دروستبوونی ئاڵۆزى لە ناو هۆڵى پەرلەمانى کوردستان
 

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، بە پێی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (٢)ی ئاساییی رۆژی سێشه‌مه‌ رێكه‌وتی (٢٠١٩/٣/١٢) کە یەکێک لە بڕگەکان تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان, بڕیاربوو  دەنگ لەسەر ئەندامانى لیژنە هەمیشەییەکان بدرێت و دواتر سەرۆکایەتى لیژنەکان دیاری بکرێت.

پێش دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، سیپان ئامێدی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دورخستەوەی فراکسیۆنەکەیان لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە لە لیژنەی دارایی و سامانە سروشتیەکان، بە ئامانجی ئاگادارنەبونیانە لە بەهەدەردان و گەندەڵیەکانی هەردوو حزبی دەسەڵات وبەردەوام بن لە تاڵان کردنی سەروت و سامانی ووڵات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە (١٠ی ئازاری ٢٠١٩) لە دوای کۆبوونەوەى سەرۆکایەتى پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانى کوردستان دیاریکران.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوای ئەندامێتی لە لیژنەی دارایی کرد، بەڵام بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان پەسندکرا.
کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان ڕایگەیاند، لە دابەشکردنی لیژنەکانی پەرلەماندا پەیڕەوی ناوخۆ پێشێلکراوە، راشیگەیاند، بۆیە ڕێگە نادرێت ئەنداممان لە لیژنەی داراییدا هەبێت بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ گەندەڵییەکانی وەزارەتی دارایی نەکەین.
 بەهۆی ئەوەی لە بەشێکی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ ”پشێویان لەنێو هۆڵی پەرلەمان دروستکرد”د. ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای لە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ کرد دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان جێبێڵن.