qubad-u-shaswar.jpg

دوو كاندیدی تر لە شوێنی قوباد تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید سوێندی یاسایی دەخۆن

Feb 10, 2019  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

دوو مانگ دوای سوێندخواردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، سێ کەسی نوێی لە شوێنی سێ بەربژێری دەرچووی پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ دیاریکرد کە بوونەتە پەرلەمانتار و تاکو ئێستا سوێندی یاساییان نەخواردووە.

بەپێی نووسراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، بە ژمارە 162 کە واژۆی هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەسەرەوەیە و لە 3-1-2019 ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە، لە شوێنی سێ بەربژێرە دەرچووەکەی پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ سێ بەربژێری دیکە بۆ سوێندخواردن دەستنیشانکراون.

لە یەکێتی راهی راهبەر سەید ئیبراهیم لە شوێنی قوباد تاڵەبانی و لە نەوەی نوێ سیروان بابان لە شوێنی شاسوار عەبدولواحید دەبن بە پەرلەمانتار.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتی لیستی یەکێتی و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی لیستی نەوەی نوێی کرد و زۆرینەی دەنگەکانی لیستەکانیان بەدەستهێنا.

لە لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش زێدان رەشیدخان ئاودەل لە شوێنی شەعبان عەلی شەعبان سوێندی یاسایی دەخوات.

زێدان برادۆستی، بەربژێری پێشنیازکراوی پارتی بۆ پەرلەمانی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “لە پارتی کاک شەعبان عەلی شەعبان ئامادەنەبوو بچێتە پەرلەمان، هاوشێوەی کاک قوباد و کاک شاسوار.بەپێی ریزبەندیی من دیاریکراوم لە شوێنی کاک شەعبان ببمە پەرلەمانتار. لەدوای 6-1-2019 لە یەکەم کۆبوونەوەدا سوێندی یاسایی دەخۆین”.

زێدان برادۆستی گوتیشی “پەرلەمانی کوردستان لە 25-12-2018 نوسراوی بۆ پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ کردووە، کە ئەگەر پەرلەمانتارەکانیان لەماوەی دوو مانگ ئامادەی سوێندخواردن نەبن ئەوا بەربژێری جێگرەوە دەستنیشان بکەن. بۆیە دوای تەواوبوونی دوو مانگ بەسەر وادەی سوێندخواردندا کۆتایی بە ماوەی پەرلەمانتارییان هاتووە و دەبێت بەربژێری دیکەی دەرچوو شوێنیان بگرنەوە، کە لە 3-1-2019 کۆمیسیۆن ناوی سێ بەربژێری داوەتە پەرلەمان”.

لە 30-9-2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. لە رۆژی 6-11-2018 یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد.