PEYMANGA-PEREPYDANI-YASAYY.jpg

هەڵسەنگاندنى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان

Jan 18, 2019  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

ڕەخنە وسەرنجەکانى پەیمانگەى پەرەپێدانى یاسایی ”

 

بەئامانجى کاراکردن و بەدامەزراوکردنى دامەزراوەى پەرلەمان، دانانى پەیڕەوێکى نوێ بوو، کە لەگەڵ قۆناغى نوێ یا ڕاستتر بڵێین لەگەڵ خولى نوێ ى پێنجەمى پەرلەمان بگونجێت، پاش پێشکەش کردنى چەند پرۆژەیەک، هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموونى کارى پەرلەمانى کوردستان و وڵاتانى پێشکەوتوو دانانى لیژنەى ئامادەکردنى پرۆژەى پەیڕەوى نوێ ى پەرلەمان و پەسندکردنى لەکۆتایی خولى چوارەم، بەداخەوە پەیڕەوەکە لەئاستى خواستى دامەزراوەیی پەرلەمان نەبوو بەو شێوازە دەویسترا، هەرچەندە دەقى زۆرباشى بۆ یاسا و چاودێرى حکومەت و پەسندکردنى بودجە تێدایە، بەڵام بەدەر نیە لە کەم وکورتى و پێویستى بە هەموارکردنى لەخولى پێنجەمدا هەیە، بۆیە ڕەخنە و تێبینیەکانمان بەو شێوەیەى خوارەوە دەخەینەڕوو:
– پەسندکردنى لەکۆتایی ماوەى پەرلەمان و خولى چوارەم کارێکى نەگونجاو بوو، پەلە پەلى و بەئەرکى خۆنەزانینى تێدا زاڵ بوو، هەر خولێک ئەرکى خۆیەتى بەپێى گۆڕانکاریەکان پەیڕەوى نوێ پەسند بکات.
– پەیڕەو بۆ ڕێکخستنى کارى پەرلەمان و پەرلەمانتارانە بۆ ماوەى چوار ساڵ بەپێى یاسا لە پلەبەندى یاسایی قەرینەى خۆى هەیە.
سەرەڕاى تایبەتمەندى پەیڕەوى پەرلەمان، بەڵام پشت بەستووە بە یاساى هەڵبژاردن نابێت ناکۆک بێت لەگەڵى.
– هەندێ دەقى پەیڕەوى ناوخۆ پێچەوانەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە دەبوایە یاساکە هەموار بکرایە تاوەکو هاودەقى پەیڕەوەکە بێت، بەتایبەت لە گۆڕینى دەستەى سەرۆکایەتى و هەیکەلى کارگێڕى، بەپاساوى بوونى دەقى “نابێت کار بەهیچ دەقێک بکرێت پێچەوانەى پەیڕەوەکە بێت”
– ماددەى (110) بڕگەى (دووەم) باس لە لەدەستدانى ئەندامیەتى دەکات ئەگەر ئەندامەکە لە فراکسیۆنەکى خۆى جیا بووەوە یان چووە پاڵ فراکسیۆنێکى تر، دەقەکە پێچەوانەى شێوازى لیستى کراوەیە لە هەڵبژاردنەکەدا دەنگدەر نوێنەرى خۆى لەناو لیستەکەدا هەڵدەبژێرێ چونکە ئەهمیەت بۆ ڕاى خەڵک ناهێلێتەوە، دەقەکە لەگەڵ لیستى داخراو دەگونجێ.
– ماددەى (110) لەپێناسەى فراکسیۆن هاتووە: هەر لیست و پارتێک بەشدارى بکات و کورسى بەدەست بێنێ دەبێتە فراکسیۆن، ئەمە پێچەوانەى چەمکى فراکسیۆنە چونکە فراکسیۆن بەمانى گروپ دێت.
– لە پرۆژەى پەیڕەوەکە باسى دەقڕێژى دەستەى گشتى کرابوو بۆ بەشدارى سەرجەم فراکسیۆنەکان لە کارنامەى پەرلەمان، کەچى ڕەتیان کردۆتەوە، بەئەزموون لەکارى پەرلەمانى دەرکەوتبوو بوونى دەستەکە لەخزمەتى کارى دامەزراوەى پەرلەمانە نەک کۆنترۆلى حزبى.
– یەکێک لە پێویستى و تایبەتمەندیەکانى پەیڕەوى ناوخۆى نوێ پاراستنى مافى ئۆپۆزسیۆن بوو، بۆ بەشداریان لە بەڕێوەبردنى دامەزراوەیەک بەهەموو ڕەنگەکانیەوە کە نوێنەرایەتى گەل دەکات، دامەزراوەى پەرلەمان هى حزب و دەسەڵاتێکى تایبەت نیە، وەکو لە مەغریب مافى ئۆپۆزسیۆن جێگیر کراوە، لە پەرلەمانى بەریتانیائۆپۆزسیۆن خاوەنى حکومەتى سێبەرە و سەرۆکى لیژنەى دارایی لە ئۆپۆزسیۆن دەبێت.
– یەکێک لە گرنگیەکانى پەسندکردنى یاسا لە پەرلەمان قۆناغى ئامادەکردن و داڕشتنەوەى یاسایە، لەم پێناوەدا نووسینگەى ڕاوێژکارى دەستورى و یاسایی پەرلەمان دامەزرێنرا کەوا لەماوەى دامەزراندنیدا بە شاهێدى سەرۆکایەتى و پەرلەمانتاران، لەسەرجەم پرسە دەستورى و یاساییەکاندا چەندین پرۆژە و بژاردەى جیا خراوتە بەردەم سەرۆکایەتى و لیژنە تایبەتمەندەکانى پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە نووسینگەکەیان هەڵوەشاندەوە و لەپەیڕەوى نوێ دا نەیان چەسپاند.
– لە پەرلەمانى کوردستان بەهۆى بوونى کۆتاى ژنان بەشدارى ژن و ڕێژەى ژن ئامادەیی باشى هەیە بۆیە دانانى کۆتا بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان ڕەچاونەکردنى توانا و لێوەشاوەییە.
– ڕەچاوکردنى پێگەى پێکهاتەکان لە دامەزراوە بنەڕەتیەکان بە تایبەت پەرلەمان کارێکى گونجاو و ڕەوایە بۆ بەشدارى کردنیان لە دەسەڵات.

سەرەڕاى ئەو تێبینیە گشتیانەى سەرەوە ، ناکۆک بوونى پەیڕەوى نوێ لەگەڵ دەقەکانى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان خۆى لەم خاڵانەى خوارەوە دەبینێتەوە:
1- لەماددەى (یەکەم)ى پەیڕەو هاتووە: “پرۆژە یاسا وبڕیار: ئەو پرۆژە یاسا وبڕیارانەیە کە لەلایەن (10) دە ئەندام پەرلەمان، یان دەسەڵاتى جێ بەجێ کردن، یان دەسەڵاتى دادوەرى، بەمەبەستى دەرچواندن، ئاڕاستەى پەرلەمان دەکرێن”.
ئەو پێناسەیە ناکۆکە لەگەڵ ماددەى (78)ى خودى پەیڕەوەکە، چونکە لە پێناسەکە دەسەڵات دراوەتە (10) ئەندام پەرلەمان (پرۆژە یاسا) پێشکەش بکەن، کەچى لەماددەى (78) ئەو دەسەڵاتەیان لێ سەندراوتەوە دراوەتە دەسەڵاتى جێ بەجێ کردن، ئەندام پەرلەمان تەنها بۆى هەیە (پێشنیازى یاسا) پێشکەش بکات.
2- لە بڕگە (1)ى ماددەى (5)ى پەیڕەو هاتووە: “دانیشتن بەئامادەبوونى زۆرینەى ڕەهاى ئەندامانى، یاسایی دەبێت، یاسا وبڕیارەکان، بەزۆرینەى سادە پەسند دەکرێن…..”
ئەم بڕگەیە ناکۆکە لەگەڵ ماددەى (پەنجا)ى یاساى هەڵبژاردن کە تیایدا هاتووە: “دانیشتنى پەرلەمان نابێتە دانیشتنێکى یاسایی بە ئامادەنەبوونى زۆرینەى ئەندامەکانى نەبێ، بڕیارەکانیشى بەزۆرینەى ئامادەبووەکان دەبێت…..”.
پەیڕەو “زۆرینەى ڕەهاى” بەکارهێناوە، واتە (50% + 1)، کەچى یاساکە زۆرینەى بەکارهێناوە، واتە مەرجى (50% + 1) دانەناوە، دواتر پەیڕەو “زۆرینەى سادە”ى داناوە بۆ پەسندکردن کەچى یاساکە “زۆرینەى ئامادەبووانى” بەکارهێناوە، دەبێت زاراوەکان یەکبخرێنەوە بۆ ئەوەى ناکۆکى لەنێوانیان دروست نەکات.
3- بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (9)یەمى پەیڕەو بەم شێوەیە هاتووە: “دەکرێت دانیشتنەکانى پەرلەمان لەسەر داواى سەرۆک، یان (1/4) چواریەکى ئەندامان و بەڕەزامەندى پەرلەمان نهێنى بن”
لەماددەى (پەنجا ودووەم)ى یاساى هەڵبژاردن هاتووە: “دانیشتنەکانى پەرلەمان ئاشکران، و دەشێ لەسەر داواى سەرۆکى پەرلەمان، یا لایەنى کەم چواریەکى ئەندامەکانى و ڕەزامەندى پەرلەمان بەزۆرینەى ئامادەبووەکان دانیشتنەکە نهێنى بێت”، ماددەى یاساکە دروستە چونکە لەپەیڕەوەکە ڕێژەى دەنگى پێویستى بۆ ڕەزامەندى دیارى نەکردووە بەڵام یاساکە ڕێژەکەى دیاریکردووە.
4- لە بڕگەى (سێیەم)ى ماددەى (9)ى پەیڕەو هاتووە: “لەکاتى پێویستدا دەکرێت دانیشتنەکانى پەرلەمان لەسەر داواى سەرۆکى هەرێم یان سەرۆک وەزیران بە ڕەزامەندى پەرلەمان نهێنى بن”
لەیاساى هەڵبژاردن ئەو دەسەڵاتە بە سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى وەزیران نەدراوە، پەیڕەو ناتوانێت ئەو دەسەڵاتەیان بۆ زیاد بکات، بۆ ئەو بڕگەیە زیادە.
5- لەماددەى (10)ى پەیڕەو هاتووە: “دەستەى سەرۆکایەتى پێک دێت لە (سەرۆک و جێگرى یەکەم و جێگرى دووەم)ى پەرلەمان بەمەرجێک یەک لە (3) سێ ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتى ئافرەت بێت”
ئەو ماددەیە ناکۆکە لەگەڵ ماددەى (چل وهەشتەم)ى یاساى هەڵبژاردن، چونکە لە یاساکە دەستەى سەرۆکایەتى بە (سەرۆک و جێگرى سەرۆک و سکرتێر) دیارى کردووە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکى تر یاساکە مەرجى ئەوەى دانەناوە لەنێو دەستەى سەرۆکایەتى ڕەگەزى ئافرەت هەبێت.
6- لە بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (11)ى پەیڕەو هاتووە: “……. ئەرکى تەنیا بریتى دەبێت……”
لەهونەرى داڕشتنى یاسایی وشەى (بریتى دەبێت) بەکارناهێنرێت، بەڵکو دەبێت کەمترین وشە لە داڕشتنى یاسایی بەکاربهێنرێت بۆیە دەبێت ئەو وشەیە بسڕێتەوە لەو بڕگەیەدا.
7- لەبڕگەى (یەکەم) و (دووەم)ى ماددەى (12)ى پەیڕەو هاتووە کە: “………لەبەردەم پەرلەماندا سوێندى یاسایی دەخوات”، ئەمە دروست نیە، بەڵکو ئەوەى لەماددەى (چل وحەوتەم)ى یاساکە هاتووە دروستە وشەى (لەبەردەم پەرلەمانى) بەکارنەهێناوە، بۆیە دەبێت ئەو وشەیە بسڕێتەوە.
8- بڕگەى (سێیەم)ى ماددەى (12)ى پەیڕەو کە تایبەتە بە شێوازى سوێند خواردن جیاوازە لەگەڵ ماددەى (چل وحەوتەم)ى یاساى هەڵبژاردن، بۆیە دەبێت یەکبخرێت.
9- لە بڕگەى (دووەم)ى ماددەى (13)ى پەیڕەو هاتووە: “ئەگەر کاندیدى هەڵبژێردراو بەبێ پاساوى ڕەوا لەدانیشتنى یەکەمەوە بۆ ماوەى (30) سى ڕۆژ (سوێند خواردن)ەکەى ئەنجام نەدا، مافى سوێند خواردنى یاسایی نامێنێت”، ئەمە ناکۆکە لەگەڵ بڕگەى (سێیەم) لەماددەى (شەست ویەکەم)ى یاساى هەڵبژاردن کەتیایدا هاتووە: “لەحالەتى سوێند نەخواردنى پالێوراوى هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمان لەماوەى (90) ڕۆژ لەمێژووى ناوبراو مافى ئەندامیەتى نامێنێ ، و پاڵیوراوێکى دیکە بەپێى یاسا شوێنى دەگرێتەوە”.
10- لەماددەى (14)ى پەیڕەو هاتووە: “پەرلەمان بەزۆرینەى ڕەهاى ژمارەى ئەندامان و…… دەستەى سەرۆکایەتى ……. هەڵدەبژێردرێت”.
ئەوە ناکۆکە لەگەڵ ماددەى (چل وهەشتەم)ى یاساى هەڵبژاردن چونکە وەک لەو ماددەیەدا هاتووە: “پەرلەمان لەیەکەم دانیشتندا بەڕێگەى دەنگدانى نهێنى، سەرۆک و جێگرى سەرۆک و سکرتێرى پەرلەمان بەزۆرینەى موتلەقى دەنگى ئەندامانى پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ”.
لەیاساکە وشەى (ژمارە) بەکارنەهاتووە کەچى لەپەیڕەکە وشەى (ژمارە) بەکارهاتووە، ئەمەش جیاوازیەکى گەورەیە، چونکە کاتێک کە وشەى ژمارە بەکاردەهێنرێ ئەوا پێویستە دەنگەکان لە (111) دەنگ ئەژماربکرێت، ئەگەر وشەى (ژمارە) بەکارنەهات ئەوا نیساب وەردەگیرێت، کەواتە بەگوێرەى پەیڕەو بێت بۆ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پێویستمان بە (56) دەنگ دەبێت، بەڵام بەگوێرەى یاساکە بێت ڕەنگە ئەو ژمارەیەت پێویست نەبێت لەحالەتى ئامادەنەبوونى گشت ئەندامەکان لە کۆبوونەوە.
11- لەبڕگەى (حەوتەم)ى ماددە (14)ى پەیڕەو هاتووە: “ئەگەر بۆ هەریەک لە پۆستەکان تەنها یەک پاڵێوراوى بێ ڕکابەر هەبوو سەرۆکى یەکەم دانیشتن ڕاستەوخۆ بەناولێنان پاڵێوراوەکە بۆ پۆستەکە بەسەرکەوتوو ڕادەگەیەنێت.”
ئەو بڕگەیە ناکۆکە لەگەڵ (ماددەى چل وهەشتەم)ى یاساى هەڵبژاردن چونکە مەرجى ئەوەى داناوە بۆ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى بە زۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامانى پەرلەمان هەڵبژێردرێت، واتە ئەگەر تەنها یەک کاندیدیش بۆ ئەو پۆستانە هەبێت هەر دەبێت هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت، ئەو ڕێژە دەنگەیەش بەدەست بهێنێ، سەرۆکى یەکەم دانیشتن دەسەڵاتى ئەوەى نیە هەڵسێ بەناولێنانیان، تەنانەت ئەوە پێچەوانەى بڕگەى دووەمى ماددەى (11)ى پەیڕەوە کە دەڵێت: سەرۆکى تەمەن هەڵدەستێ بە بەڕێوەبردنى دانیشتنى یەکەم و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى نەک ناولێنانیان.
12- لە بڕگەى یەکەم ماددەى (21)ى پەیڕەو هاتووە: “مەبەست لە دروستى ئەندامێتى، دڵنیابوونە لەبارى یاسایی ئەندام، لەکاتى پێشکەشکردنى داواکارى بۆ پاڵاوتنى……”
ئەو بڕگەیە ناکۆکە لەگەڵ بڕگەى (2)ى ماددەى (بیست و دووەم) لە یاسای هەڵبژاردن کە تیایدا هاتووە: “لیستى پالێوراوەکان لەماوەى (15) پانزە ڕۆژ لەبەروارى ڕاگەیاندنى وادەى هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکى دەستەى باڵا دەکرێت……” کەواتە ناوى پالێوراوان پێشکەش بە پەرلەمان ناکرێت بەڵکو پێشکەش بە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن دەکرێت، بۆیە دەبێت ئەو بڕگەیە لاببرێت لە بڕگەى یەکەمى ماددەى (21)ى پەیڕەو.
13- لە بڕگەى یەکەمى ماددەى (22)ى پەیڕەو هاتووە: “ئەندام بە ئامادەبوون لە دانیشتنەکانى پەرلەمان پابەند دەبێت، ئەگەر بەبێ هۆیەکى ڕەوا ئامادەى دانیشتنەکان نەبوو سەرۆک بە نووسین سەرنجى ڕادەکێشێت، ئەگەر ئامادەنەبوون دووبارە بووەوە (5%) لەسەدا پێنجى موچەکەى لەهەر دانیشتنێک کە ئامادەى نەبێت دەبڕێت لەماوەى یەک وەرزى یاساداناندا، ئەوا ئامادەنەبوونەکەى لە ماڵپەڕى تایبەتى پەرلەمان بڵاودەکرێتەوە، وێڕاى بڕنى موچەکەى لەئەنجدامى ئامادەنەبوونیدا، ئەگەر ئامادەنەبوونى دواى ئەم دووبارە بووەوە ئەوا سەرۆک دەتوانێت بابەتەکە بخاتە بەردەمى پەرلەمان و پەرلەمانیش دەتوانێت بەزۆرینەى دەنگى ڕەهاى ئەندامەکانى بەلەدەستدانى ئەندامێتى لە قەلەمى بدات.
ئەم بڕگەیە ناکۆکە لەگەڵ خاڵى (4)ى ماددەى (چل وسێیەم)ى یاساى هەڵبژاردن کە تیایدا هاتووە: “ئەندامێتى پەرلەمان لە یەکێ لەم بارانەى خوارەوە کۆتایی دێت: ئامادەنەبوونى ئەندام لە سێ دانیشتنى لەسەر یەک بەبێ عوزرى مەشروع” بەگوێرەى ئەم خاڵە بێت ئامادەنەبوون لە سێ دانیشتنى لەسەر یەک بەبێ عوزرى مەشروع ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆى کۆتایی هاتنى ئەندامیەتى بەڵام بەگوێرەى پەیڕەوەکە ڕاستەوخۆ نابێتە هۆى لەدەستدانى ئەندامیەتى.
14- لە بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (23)ى پەیڕەو هاتووە: “لەکاتى کۆتایی هاتنى ئەندامێتى، ئەگەر مەرجێک لەمەرجەکانى لەدەست نەدابوو، ئەندام بۆى هەیە بگەڕێتەوە بۆ وەزیفە و، سەرپشکە لەوەى موچەى خانەنشین یان موچەکەى ترى وەربگرێت و ئەندامانى خولەکانى پێشووترى پەرلەمان دەتوانن لەم مافە سوودمەندبن”.
ئەو بڕگەیە ناکۆکە لەگەڵ یاساى ژمارە (13)ى ساڵى 1999 یاساى خانەنشینى ئەندامانى ئەنجومەنى نیشتمانى هەرێمى کوردستان-عێراق، چونکە بەگوێرەى ئەو یاسایە ئەندام پەرلەمان بەکۆتایی هاتنى خولەکە بەشێوەیەکى ئیلزامى خانەنشین دەکرێت.
15- لەبڕگەى (پێنجەم) لەماددەى (23)ى پەیڕەو هاتووە: “هەریەک لە دەستەى سەرۆکایەتى و ئەندامان موچە و دەرماڵەى مانگانە وەردەگرن، کە بە یاسا ڕێک دەخرێن”.
لەڕاستیدا یاسا ئەو بوارەى ڕێکخستووە، چونکە یاساى ژمارە (13)ى ساڵى 1999 یاساى خانەنشینى ئەندامانى ئەنجومەنى نیشتمانى هەرێمى کوردستان-عێراق، تاوەکو ئێستا بەرکارە و هەڵنەوەشاوەتەوە.
16- لەبڕگەى (شەشەم)ى ماددەى (23)ى پەیڕەو هاتووە: “ئەگەر ئەندامێک لەکاتى یان لەئاکامى ڕاژەى لە پەرلەمان یان بەهۆیەوە کۆچى دوایی کرد، ئەوا بەپێى یاسا کارپێکراوەکان، موچەیەکى خانەنشینى بۆ میراتگرانى تەرخان دەکرێت”.
ئەو بڕگەیە پێچەوانەى خاڵى (2)ى ماددەى (چل و دووەم)ى یاساى هەڵبژاردنە کە تیایدا هاتووە: “ئەگەر یەکێک لە ئەندامانى پەرلەمان، لەکاتى خزمەتکردنى لە پەرلەماندا، یان بەهۆى ئەوەوە بمرێ، ئەوا موچەى خانەنشینى بۆ خێزانەکەى دەبڕدرێتەوە و پەرلەمان بڕەکەى دەستنیشان دەکات”.
هەروەها پێچەوانەى بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى (یەکەم)ى یاساى هەموارکردنى دووەمى یاساى خانەنشینى ئەندامانى ئەنجومەنى نیشتمانى کوردستانە کە تیایدا هاتووە: “سەرۆکى ئەنجومەن و جێگرەکەى و سکرتێر و ئەندامان لەکاتى تەواوبوونى ئەندامیەتیەکەى یان نەتوانینى جێ بەجێ کردنى کارەکەى یان نەمانى ئەندامیەتیەکەى (80%)ى سەرجەم مووچە و ئەرماڵەى مانگانەى هاوەڵەکانى کە بەردەوامن لە ئەنجومەن وەردەگرێت، هەروەها دواى کۆچى دواییشى پاشەوارى شایستە هەمان ڕێژە وەردەگرن”.
17- بڕگەى (حەوتەم) لەماددەى (24)ى پەیڕەو دەبێت بکرێت بە بڕگەى یەکەم چونکە هونەرى داڕشتنى یاسایی دەبێت پرەنسیپى گشتى لەسەرەتاوە بێت وردەکاریەکان بەدوایەوە بێت، لەبڕگەى حەوتەم هاتووە: “ئەندام لەڕۆژى (سوێند خواردن)ى یاساییەوە پارێزبەندى پەرلەمانى دەبێت و ناتوانێت بەبێ مۆڵەتى پەرلەمان تەنازولى لێ بکات” ئەوە پرەنسیپێکى گشتیە بۆیە دەبێت لەسەرەتاوە بێت ئینجا بڕگەکانى تر بەدوایەوە بێت.
18- لەبڕگەى (سێیەم) لەماددەى (24)ى پەیڕەو هاتووە: “بڕیارى هەڵگرتنى پارێزبەندى پێویستى بەدەنگى زۆرینەى ئامادەبووانى پەرلەمانە و لەدەرەوەى وەرزەکانى یاسادانانیش دەستەى سەرۆکایەتى بڕیار لەسەر هەڵگرتنى پارێزبەندى دەدات”
ئەمە پێچەوانەى خاڵى (2)ى ماددەى (چلەم)ى یاساى هەڵبژاردنە کە تیایدا هاتووە: “نابێ هیچ کەسێک لە ئەندامان لەماوەى دەورەى بەستنى پەرلەماندا بەهۆى هەر تاوانێکەوە بێ بگیرێ بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى سەرۆکى پەرلەمان تەنیا لەو بارەدا نەبێ کە تاوانێکى لەدەست قەومابێ” واتە یاساکە ئەو دەسەڵاتەى بە سەرۆکى پەرلەمان داوە، کەچى پەیڕەوەکە ئەو دەسەڵاتەى بە دەستەى سەرۆکایەتى داوە.
19- لەخاڵى (سێیەم)ى ماددەى (25)ى پەیڕەو هاتووە: ” ئەندام تواناى ڕاپەڕاندنى کارى پەرلەمانى نەبێت کە بەپێى ڕاپۆرتى پزیشکى تایبەتمەند سەلمێنرابێت”
ئەو بڕگەیە زیادکراوە چونکە لەماددەى (چل وسێیەم)ى یاساى هەڵبژاردن باس لەو خاڵە ناکات.
20- لەخاڵى (1) لەبڕگەى (سێیەم)ى ماددەى (25)ى پەیڕەو هاتووە: “لەدەستدانى شیاویەتى یاسایی”
ئەو خاڵە زیادە چونکە لەخاڵى (2) کە باس لە مەرجەکان دەکات لەدەستدانى شیاویەتى یاساییش دەگرێتەوە بەو پێیەى لەخاڵى (2)ى ماددەى (بیست ویەکەم)ى یاساى هەڵبژاردن جەختى لەسەر کراوەتەوە.
21- ماددەى (51)ى پەیڕەو کە تایبەتە بە کارنامەى هەفتانەى پەرلەمان، پێمان وایە ئەمە کارى پەرلەمانى کۆت وبەند دەکات، بۆیە واباشترە کە ئەو ماددەیە هەڵبوەشێتەوە.
22- لەخاڵى (2) لەبڕگەى (دووەم)ى پەیڕەو هاتووە: “ژمارەى ئەو کەسانەى کە ئامادەى دانیشتنى کراوە دەبن، نابێت لەژمارەى ئەو کورسیانە تێپەڕ بکات کە لەلایەن دەستەى سەرۆکایەتیەوە بۆ میوانان تەرخان کراون”.
لەڕووى پرۆتۆکۆلیەوە دەبێت دەستەى سەرۆکایەتى خۆى ژمارەى ئەو میوانانە دیارى بکات پێویست بەوە ناکات ئەو بڕگەیە دابنرێت کە لەڕووى ئەتەکێتیشەوە جوان نیە ژمارەى میوان بەقەدەر ژمارەى کورسى بێت.
23- لەپەیڕەوەکە بەشى حەوتەم بۆ (چاودێرى کردن) تەرخانکراوە، بەشى هەشتەم بۆ (یاسادانان) تەرخانرکاوە، لەڕووى هەندەسەى داڕشتنەوە دەبێت بەشى حەوتەم بکرێت بە (یاسادانان) و بەشى هەشتەم بکرێت بە (چاودێرى کردن)، چونکە کارى یاسادانان بەر لەکارى چاودێرى دێت.
24- ماددەى (66) بەهەر پێنج بڕگەکەیەوە و ماددەى (67) بەهەر سێ بڕگەکەیەوە باسى لە بابەتى (خستنەڕووى بابەتێکى گشتى بۆ گفتوگۆ) دەکەن، لەکاتێکدا ئەو ئامرازەى چاودێرى لە یاساى هەڵبژاردن باس نەکراوە، پەیڕەو ناتوانێت مەسەلەى بابەتى زیاد بکات، بەڵکو تەنها دەتوانێت مەسەلە ئیجرائیەکان ڕوون بکاتەوە.
25- لەماددەى (74) بڕگەى چوارەم هاتووە: “سەرۆک وەزیران بە متمانە لێسەندراو هەژمار دەکرێت، ئەگەر زۆرینەى (23) دوو لەسەر سێ ى ئەندامان بۆ لێسەندنەوەى متمانە دەنگیاندا” هەرچى لە بڕگەى پێنجەمى ئەو ماددەیە هاتووە: “ئەندامى ئەنجومەنى وەزیران بە متمانە لێسەندراو هەژماردەکرێت ئەگەر زۆرینەى ڕەهاى ئەندامان بۆ لێسەندنەوەى متمانە دەنگیاندا”، ئەو جیاوازیە لەڕێژەى دەنگدان دروست نیە، چونکە هەردووکیان واتە (سەرۆک وەزیران) و (وەزیرەکان) بە یەک ڕێژە متمانە وەردەگرن بە یەک ڕێژەش دەبێ متمانەیان لێ وەربگیرێتەوە.
26- لەماددەى (76)ى پەیڕەو هاتووە: “هەموو ڕێکارەکانى چاودێریکردنى پەرلەمان، بۆ سەرۆک وەزیران و ئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران سەرۆکى کۆمسیۆن و دەستە سەربەخۆکان دەگرێتەوە”.
ئەو دەقە پێچەوانەى یاسا تایبەتەکانى دەستە سەربەخۆکانە بەم شێوەیەى خوارەوە:
ڕ/ بەگوێرەى خاڵى (5)ى بڕگەى (یەکەم)ى ماددەى حەوتەمى یاساى ژمارە (4)ى ساڵى 2014 یاساى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و ڕاپرسى کە تیایدا هاتووە: “بەخشینى ئەندامانى ئەنجومەن بە تاک یان بە کۆ لە ئەرکەکانیان لەلایەن پەرلەمانەوە کاتێک کە سەرپێچى حوکمەکانى ئەم یاسایە و پەیڕەوەکانى دەکەن، ئەویش بەزۆرینەى دوو لەسەر سێ”.
ب/ بەگوێرەى بڕگەى پێنجەمى ماددەى حەوتەمى یاساى ژمارە (3)ى ساڵى 2011 یاساى دەستەى گشتى دەسپاکى هەرێمى کوردستان-عێراق “بەبڕیارى پەرلەمان لەیەکێک لەم حالەتانەى دادێ سەرۆک لە پۆستەکەى لادەدرێت:
1- ئەگەر بڕیارێکى دادوەرى یەکلاکەرەوە دەرچوو بەتاوانبارکردنى بەئەنجامدانى تاوانێک یان کەتنێکى ئابڕوبەر.
2- ئەگەر کەمتەرخەمى یان بێ باکییەکى مەزن لە بەجێ گەیاندنى کار وئەرکەکەیدا سەلمێندرا.
3- خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات.
شەشەم: بڕیارى لادان لەهەردوو حالەتى (3،2) لەبڕگەى پێنجەمى ئەم ماددەیە، بەپێى ڕاسپاردەى لێژنەیەکى لێکۆڵینەوە دەردەچێت کە بە سەرۆکایەتى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و ئەندامیەتى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و دادوەرێکى دادگاى پێداچوونەوە (تەمییز) پێک دێت.
ج/ بەگوێرەى یاساى ژمارە (2)ى ساڵى 2010 یاساى دەستەى گشتى هەرێمى کوردستان بۆ ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، بەگوێرەى بڕگەى (دووەم) لەماددەى پێنجەم: “سەرۆک بەفەرمانى هەرێمى و لەسەر پاڵاوتنى ئەنجومەنى وەزیران دادەمەزرێ” بەگوێرەى ماددەى چوارەمى هەمان یاسا سەرۆکى دەستە بەرپرسە لەبەردەم ئەنجومەنى وەزیران.
د/ بەگوێرەى بڕگەى سێیەم لەماددەى پێنجەمى یاساى ژمارە (3)ى ساڵى 2010 یاساى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە لەهەرێمى کوردستان-عێراق: “سەرۆک بەفەرمانى هەرێمى و لەسەر پاڵاوتنى ئەنجومەنى وەزیران دادەمەزرێ” بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى ماددەى پێنجەم سەرۆکى دەستە بەرپرسە لەبەردەم ئەنجومەنى وەزیراندا.
ه/ بەگوێرەى بڕگەى دووەم لە یاساى ژمارە (4)ى ساڵى 2010 یاساى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان-عێراق: “سەرۆک بەبڕیارێکى هۆدار لەلایەن پەرلەمان بەزۆرینەى ڕەهاى ژمارەى ئەندامان لادەبرێت ئەگەر سەلمێندرا کە لێهاتوویی نیە”.
و/ بەگوێرەى ماددەى پێنجەمى یاساى ژمارە (2)ى ساڵى 2008 ى یاساى دیوانى چاودێرى دارایی هەرێمى کوردستان-عێراق: “سەرۆکى دیوان بەڕەزامەندى دوو لەسەر سێى دەنگى ئەندامانى پەرلەمان لادەبرێـت”.
27- لەماددەى (78)ى پەیڕەو دەسەڵاتى پێشکەشکردنى پرۆژە یاسا دراوە بە دەسەڵاتى جێ بەجێ کردن، کەچى دەسەڵاتى پێشکەشکردنى پێشنیازى یاسا بە (10) ئەندام پەرلەمان دراوە، ئەمەش پاشەکشەیە لە ڕۆلى پەرلەمان لەبوارى یاسا، لەهەمان کاتدا ئەو ماددەیە ناکۆکە لەگەڵ ماددەى یەکەمى پەیڕەو کە پێناسەى پرۆژە یاسا و بڕیارى کردووە تیایدا هاتووە: “پرۆژەى ئەو یاسا وبڕیارانەیە کە لەلایەن (10) دە ئەندام پەرلەمان…….. ئاڕاستەى پەرلەمان دەکرێت”.
28- لەبڕگەى دووەمى ماددەى (110)ى پەیڕەو هاتووە پەرلەمانتار ئەندامیەتى لەدەستدەدات لە پەرلەمان ئەگەر لە فرکسیۆنەکەى خۆى جیابووەوە، کەچى لەماددەى (25)ى بڕگەى سێیەمى پەیڕەوەکە کە تایبەتە بە لەدەستدانى ئەندامیەتى باس نەکراوە.

پەیمانگەى پەرەپێدانى یاسایی
2019/1/8