riving-hruri-s.jpg

لەسەر سکاڵای نەوەی نوێ سەرۆکی کاتیی پەرلەمان بانگهێشتی دادگا کرا

Dec 10, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

لەسەر سکاڵای فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان بانگهێشتی دادگاکرا و بڕیارە ١٨ی ئەم مانگە دادگاییکردنەکە بەڕێوەبچیت.

دادگای کارگێڕی هەولێر لە ئاگادارکردنەوەیەکدا  داوای لە رێڤینگ هروری سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە، کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ خۆی یا بریکارەکەی لەبەردەم دادگا ئامادە بێت، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.

٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و ڕێڤینگ هروری سەرۆکی کاتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دانیشتنەکەی بە کراوەیی بۆ کاتێکی نادیار دواخست، ئەمەش کاردانەوەی هەردوو فراکسۆنی نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی لێکەوتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ٢١ی مانگی ڕابردوو فراکسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سکاڵای لەدژی سەرۆکی کاتی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد ئاماژەی بەوە کرد، بە هێشتنەوەی دانیشتنەکە بەکراوەیی و هەڵپەساردنی بۆ کاتێکی نادیار تەواو پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکانی پەرلەمانە.

دواتریش لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەری وەکو سەرۆکی کاتیی پەرلەمان لەلایەن فراکسۆنی نەوەی نوێوە، ڕێڤینگ هروری ڕایگەیاند، سکاڵاکەی نەوەی نوێ هێندە یاسایی نەبوو بەڵام چی پێویست بوو دەیکات و دەچێتە بەردەم دادگا .

nawai-nwe-skala skala naway nwe