هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و نەوەی نوێ لە یاداشتنامەیەکی هاوبەشدا داوا دەکەن پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-11-2018، هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و نەوەی نوێ، یاداشتنامەیەکی هاوبەشیان ئاراستەی سەرۆکی کاتی پەرلەمان کرد و داوا دەکەن رۆژی سێشەممەی داهاتوو (13-11-2018) پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن.
لە یاداشتنامەکەدا هاتووە، بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان پێویستە بەزووترین کات دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان کە بە کراوەیی ماوەتەوە، تەواوبکرێت.
هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتوو و نەوەی نوێ لە یاداشتنامەکەدا کە ئاراستەی سەرۆکی کاتی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە هاتووە: "لەبەرئەوەی رۆژی 6-11-2018 (یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان)ـتان بە کراوەیی بەجێهێشت و تەنها ئەرکی یەکەمتان بەجێهێنا و ئەرکی دووەمتان کە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییە جێبەجێ نەکرد و پەیڕەوتان پێشێلکرد و بوارتان بۆ خۆکاندیدکردنی بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەدا، ئەمەیش پێچەوانەی (ماددەی یازدە - بڕگەی دووەم)ـە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان".
دەقی یاداشتنامەکە