komsion.jpg

چوار ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان رەتکردەوە

Sep 21, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندرا، هاوکات چوار ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە راگەیێندراوێکدا ئەنجامەکانیان رەتکردەوە.

لەدوای راگەیاندنی کۆتایی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتژمێر (١٢)ی  ئەمشەو ، چوار ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی  راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە: “ئێمە وەک چوار ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کە زۆرترین پشکی کار و ماندووبوونمان هەبوو لەم پرۆسەیەدا، دژی ئەو کۆبوونەوەیە بووین و بە نایاسایی دەزانین و پێمانوایە ئەمکارە پیشەیی نییە و دەنگمان پێنەدا و پەسندی ناکەین و رەتیدەکەینەوە”.

شیروان زرار (کۆمەڵی ئیسلامی) ، ئیسماعیل خورماڵی (یەکگرتووی ئیسلامی) ، عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵڵا و د. رێزان حەمە رەشید (بزووتنەوەی گۆڕان) لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هۆکاری ئەو هەڵوێستەیان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە “لەکاتژمێر (١١)ی شەوی رابردوو بەبێ بوونی ئەجێندای پێشوەختە بۆ وەرگرتنی رای ئەندامان و ئەو هەزاران لاپەڕە تێبینیانەی لەسەر کەموکوڕییەکانی فۆرمی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نووسرابوو، بابەتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کە ئەنجامی کۆتایی نین و پڕن لە کەموکوڕی و ناتەواوی لەسەرتاسەری هەرێم خرایە نێو باسی کۆبوونەوەکە. ئەگەرچی ئێمە چەندینجار داوامانکرد کۆبوونەوەکە دوابخرێت بۆ ئەوەی کارەکە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێچکەی یاسایی خۆیدا بڕوات، بەڵام بەبێ گواێدانە داخوازییەکانی ئێمە و ئەو هەموو یادداشتەی لەوبارەوە پێشکەشمانکردبوو، بەپەلە و بەبێ هیچ گفتوگۆیەک خشتەیەکی ئامادەکراوی پێشوەختە خرایە دەنگدان و بەزۆرینەی دەنگ تێپەڕێندرا”.

دەقی بەیاننامەکە: