download-3.jpg

یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەسندکرا

Jul 11, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی پەسندکرد، کە لەلایەن فراكسیۆنی گۆڕانەوە پڕۆژە یاسا بۆ ئەو پرسە پێشکەشکرابوون.

بەپێی یاساکە، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نادرێت، کە بڕیارە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

دانیشتنەكەی پەرلەمان لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەستیپێكرد، جگە لە پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانیش گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

لە پڕۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا داوا كراوە خولی داهاتووی پەرلەمان بڕیار لەسەر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بدات.

هاوكات، بەهزاد دەروێش سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەك فراكسیۆنەكەیان لەگەڵ بونی پۆستی سەرۆكی هەرێمدا نین و داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەكە دەكەن.

پرۆژە یاساکەی گۆڕان لە ئەم مادانەی خواروە پێکهاتوون :

ماددەی یەكەم: هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام نەدرێت.

ماددەی دووەم: كاركردن بە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەردەوام بێت.

ماددەی سێیەم: خولی داهاتووی پەرلەمان بڕیار لەسەر چارەنوسی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بدات.

دواتر ماددە کۆتاییەکانی پرۆژە یاساکە بە زۆرینەی دەنگ و بەمشێوەیەی خوارەوە پەسەندکرا:
ماددەی چوارەم: کار بەهیچ دەقێکی یاسایی ناکرێت پێچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایە بێت.
ماددەی پێنجەم: پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
ماددەی شەشەم: ئەم یاسایە لە رۆژی دەرچونییەوە کاری پێدەکرێت و لەرۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.