perleman13.jpg

ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار بانگه‌وازێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

Jun 1, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

له‌ بانگه‌وازێكدا ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كوردستان داوایه‌ك ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پەرلەمان و حکومەت و حزبە حوکمڕانەکان و دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی عیراق ده‌كه‌ن بۆ رێگری لە هەنگاوەکانی هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم.

ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌ :

راگەیەنراوێک لەپەرلەمانتارانی کوردستانەوە
سەبارەت بە لەشکرکێشی تورکیا

لە ساڵانی رابردووداو تا ئەم ساتەوەختە چەندین جار نوێنەرانی گەل لەپەرلەمانی کوردستان بانگەوازمان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پەرلەمان و حکومەت و حزبە حوکمڕانەکان و دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی عیراق کردوە. رێگری بکەن لە هەنگاوەکانی هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم، بەڵام بەدەنگەوە هاتن نەبووەو دەوڵەتی تورکیاش زیاتر پێگەی خۆی لەناو قوڵایی خاکی کوردستان لە دانانی چەندنی سەربازگەو جەندرمە خانە قایمتر دەکات. تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی جەندرمەی تورکیا لەگوندەکانی پارێزگای هەولێر مانۆڕو نمایشی سەربازی دەکەن، وەک ئەوەی ئەوان خاوەن ماڵ بن!
لە رێگەی ئەم راگەیەنراوەوە ئەم مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە رادەگەیەنین و پێویستە هەموو لایەک هەڵوێستی جدی و راشکاویان هەبێ بۆ قبوڵنەکردنی ئەم ستەمەو دەرکردنی سوپای بێگانە لەخاکی هەرێم و بێنە دەنگ بەرامبەر پێشێلکردنی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان.
پێویستە لایەنە سیاسیەکان بە راشکاوی دژی سیاسەتی تورکیا بوەستنەوەو سەربەخۆیی ئیرادەی خۆیان بپارێزن و نەکەونە داوی مەرامی داگیرکەرانی کوردستانەوە.
پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەخێرایی دانیشتنی نائاسایی بکات و بانگەوازی دونیا بکا بۆ بەهاناوە هاتنی کوردستان و حکومەت و لایەنەکانی کوردستانیش رابسپێرێ بە راپەڕاندنی ئەرکی پارێزگاری لە کوردستان.
بەتایبەتیش جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (۳۷) ساڵی ۲٠٠۳ کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی سوپای تورکیا لەناو خاکی کوردستان.
لەساڵانی رابردوو چەندین جاو وڵاتی تورکیاو ئێران بەبیانوی نا لۆژیکی ئاسمان و زەمینی کوردستانیان بەزاندوەو خەڵکی سڤیلیان کردۆتە ئامانج و گوندنشینانیان دەربەدەرکردوە.
بۆیە پێویستە حکومەت و پەرلەمانی ئیتحادی و هەرێم مەسئولیەتی سەرشانیان راپەڕێنن بۆ ناچارکردنی تورکیا چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆی هاتوون.
داوا لە کونسوڵخانەی وڵاتان لەهەولێرو نەتەوە یەکگرتوەکان دەکەین رۆڵیان هەبێ لە پارێزگاریی کوردستان.
لامان وایە ئەوەی رووی داوە لە رابردوودا داگیرکاریەکی شاراوە بوەو ئەوەی ئێستا روو دەدات لەمانۆڕی سەربازی تورکیا راگەیاندنی دەسپێکی داگیرکردنێکی ئاشکرای هەرێمی کوردستانەو لێدانە لە ئیرادەی زیندووی گەل کە قبوڵی داگیرکاری ناکات. بەداخەوە ئیرادەی سیاسی کوردستان چاوپۆشی کردوە
لەو زوڵم و داگیرکاریە، پێویستە گەلەکەمان وشیاتربێ و بەهەموو میکانیزمێکی مەدەنی و خۆپیشاندان و چالاکی سیاسی لەناوەوەو دەرەوەی کوردستان دژی ئەم پێشێلکاریانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بوەستنەوە.

کۆمەڵێک لەپەرلەمانتارانی کوردستان
۱/٦/۲٠۱۸