hyva-haji.jpg

پەرلەمانتارێك: ئەگەر پرۆژە یاسای چاكسازی پەسەندیش بكرایە، حكومەت نەیدەتوانی جێبەجێی بكات

Jun 26, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

پرۆژەی چاكسازی موچە و دەرماڵە لە پەرلەمان لە نێوان فراكسیۆنەكان لەلایەك و لە نێوان حكومەت و پەرلەماندا لەلایەكی دیكەوە پەكیكەوت.

هێڤا حاجی میرخان پەرلەمانتاری پارتی و بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەچارەنوسی پرۆژە یاسای چاكسازی، بە(خەڵك)ی راگەیاند، ئەم یاسایە دوای ئەوەی گفتوگۆی لەسەر كرا و لەلایەن لیژنەكانەوە پەسەندكرا، حكومەت دەیتوانی ئەو بارقورسییە قبوڵ بكات و پابەندبێت بەجێبەجێ كردنی یاساكە لەسەرەتادا.

وتیشی ” بەهۆی ئەو موزایەدانەی كە كرا لەسەر پرۆژە یاساكە و بەهۆی رێكنەكەوتن لەلایەن لیژنەكانەوە هەر رۆژە ماددەیەك دەەگەڕایەوە، شتێكییان زیاد دەكرد، بۆیە حكومەتیش نەیتوانی بەرپرسیارەتی یاخودقەبوڵی ئەو پارەیە بكات، نەیدەتوانی ئەو خەرجییە دابین بكات، بۆیە ئەگەر پرۆژە یاساكە پەسەندیش بكرایە، حكومەت نەیدەتوانی جێبەجێی بكات”.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی موزایەدەی سیاسی لەنێوان پەرلەمانتاران كە خۆیان كاندید بوون، پێشتر پرۆژە یاساكە پەسەند نەكرا.

لای خۆشیه‌وه‌ سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، كە بڕیارە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكەن بۆ ئەوەی رێكبكەون بۆ دەستنیشانكردنی بڕیارێكی هاوبەش بۆ پەسەندكردنی پرۆژەكە و ئەگەر پرۆژەكەیش پەسەند بكرێت، دەبێت پاشەكەوتیش كۆتایی پێبهێندرێت.

دلێر ماوەتی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، هێشتا رێكەوتن لەسەر پرۆژەكە نەكراوە، چونكە حكومەت دەڵێت”بارتان قورس كردووم” و ناتوانن قبوڵی بكەن، بەتایبەتی بەنسبەت دەرماڵە و خانەنشین كراوەكانەوە.

وتیشی”دەرماڵەكان جێهڵدران بۆ حكومەت، نزیكەی 300 ملیار دینارە، حكومەت دەڵێت پێویستە لە پەرلەمان چارەسەر بكرێت و ئێمەیش پێمانوایە حكومەت خۆی بڕیاربدات”.

دەرماڵەكان بریتین لەو بڕە پارەی كە لەگەڵ موچەدا دەدرێت بە فەرمانبەران و بەبڕیاری حكومەت لە ساڵانی رابردوودا زیاكراون و زۆربەی پەرلەمانتاران لەگەڵ ئەوەن، پێویستی بە یاسا نییە و تەنها بە بڕیار هەڵدەوەشێندرێنەوە.

پرۆژەیاسای موچە و دەرماڵە نزیكەی حەوت مانگە رەوانەی پەرلەمان كراوە، لە مانگی یەكدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و لە مانگی دوودا پەسەندكرا، بەڵام بەهۆی دابینكردنی بڕی چوار ملیۆن دینارەوە بۆ خانەنشینی پەرلەمانتاران، ناڕەزایەتی زۆری لێكەوتەوە و جارێكی تر گەڕێندرایەوە بۆ پەرلەمان.