0000.jpg

چل و سێ‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی داوای دانیشتنی نائاسایی ده‌كه‌ن

May 21, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

ژمارەیەک ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان بە نوسراوێک داوا لە سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان دەکەن کە کۆبوونەوەیەک تەرخانبکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کەموکوڕییەکانی‌ سیستمی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق و ساختەکارییەکان.

بەپێی‌ نوسراوەکە کە ناو و واژووی‌ (٤٣) پەرلەمانتاری‌ پەرلەمانی‌ کوردستانی‌ لەسەرە هاتووە، ئێمە ژمارەی‌ یاسایی ئەندامانی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان کە ناو و واژۆمان لە نوسراوەکە هاتووە، داوادەکەین کۆبوونەوەی‌ داهاتووی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان تەرخانبکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کەموکوڕییەکانی‌ سیستمی‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق و ساختەکاری‌ لە ئەنجامەکانی‌.

ڕاشیدەگەیەنن، ئەو کەموکوڕی و ساختەکارییانە بووەتە هۆکاری‌ نەمانی‌ متمانە و دروستبوونی‌ بۆشایی زیاتر لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان.

ئاماژە بەوەشدەکەن، بەپێی‌ ماددەی‌ (٥٤) بڕگەی‌ دووەم خاڵەکانی‌ (٢-٣) لە پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان هەروەها بڕیاری‌ ژمارە(١)ی‌ ساڵی‌ ٢٠٠٥ کە پەیوەستە بە پرسە چارەنوسسازەکان ئەم داواکاریانەیان پێشکەشکردووە.

هاوکات ئاری‌ لەتیف کە یەکێکە لە ئەندام پەرلەمانەکان کە واژووی‌ کردووە لەسەر ئەو داواکارییە جەختی‌ لە زانیارییەکانی‌ نێو داواکارییەکەیان کردەوە.

لەپاش هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق و ڕاگەیاندنی‌ ئەنجامەکان هەندێک لایەنی‌ هەرێم نیگەرانی‌ خۆیان لە دەرئەنجامەکان ڕاگەیاندوو بە هاککردنی‌ سیستمی‌ دەنگدان و دەستکاریکردنی‌ دەنگەکان یەکێتی‌ و پارتییان تۆمەتبارکرد، هاوکات ئەو لایەنانە داوایانکرد یان جیاکردنەوەی‌ دەستی‌ بۆ سندوقەکانی‌ هەڵبژاردن بکرێت یان هەڵبژاردنەکە هەڵوەشێتەوەو دووبارە بکرێتەوە.

 

43-1-andam 43-andam