KOMEL-LOGO.jpg

رونكردنەوەی فراکسیۆنی کومەڵ سەبارەت بە یاسای خانەنشینی

Feb 28, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 
 

ئەمڕۆ لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیاری خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و بەخشین وئیمتیازاتەکانی دیکە، فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند:

“هەوڵدەدەین چاودێرێکی باش بین بۆ جێبەجێکردن و گێڕانەوەی لانیکەمی ماف بۆ خاوەن مافەکان”. لە ڕونکردنەوەکەدا هاتووە “بە پشتیوانی پرۆژەکانی پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان، ئێمە وەکو فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ساڵی ٢٠١٥ پرۆژەمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت کردوە بۆ ئەو بوارە، حکومەت پرۆژەیەکیان ناردە پەرلەمان بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی موچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتی دیکەی فەرمانبەران و موچەخۆران”.

لە ڕونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە “پرۆژەکە خاڵی زۆر باشی تێدابوو، سەرەتایەکی باشە بۆ چاکسازی و بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری لە نێوان فەرمانبەراندا کە ساڵانێکی زۆرە بە شێوازی جیاواز خەڵك ستەمیان لێدەکرێت”.

لە درێژەی ڕونکردنەوەکەدا ئەوەش ڕایگەیەنراوە ” ئێمە وەکو فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی پشتیوانی تەواومان لە پرۆژەکە کرد و بەشداری کارامان لە گفتوگۆکردنیدا کرد، هەرچەندە هەندێ لە بڕگە و ماددەکانی بە دڵی ئێمە نەبوو، بۆ نمونە خانەنشینی پلەباڵاکان، ئێمە پێمان وابوو ئەو ڕێژەیە زۆرە و داوامانکرد کەمتر بکرێتەوە بۆیە دەنگمان پێنەدا.”

لە کۆتایی ڕونکردنەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو “لە هەموو حاڵەتەکاندا بۆ ئەم قۆناغە یاسایەکی باش و گرنگ دەرچوو، بەڵام لەوە گرنگتر جێبەجێکردنیەتی، بۆیە ئێمە وەکو فراکسیۆنی کۆمەڵ هەوڵدەدەین چاودێرێکی باش بین بۆ جێبەجێکردنی و گێڕانەوەی لانی کەمی ماف بۆ خاوەن مافەکان”. دوێنێ پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە پەسەند کرد کە ماوەی چەند ڕۆژێک بوو گفتوگۆی لەسەر دەکرا. هاوکات دوو ڕۆژ لەمەوبەریش پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ٥٢ پەرلەمانتار کەمترین مووچەی خانەنشینی بە ٣٠٠ هەزار دینار جێگیرکرد، ئەو پێشنیازەش کە داوایکردبوو کەمترین مووچە بە ٤٠٠ هەزار دینار جێگیربکرێت، تەنیا ٣٧ دەنگی بەدەستهێنا.